ئابووریسیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی تەنها 280 ملیار دینارە

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق تەنیا ٢٨٠ ملیار دینارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆی ٧١٪ی تێچوو مووچە دابین دەکات.

 

د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی ٦٦٥ ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی ٧١٪ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات.

 

وەک ئەوەی د. ئامانج ڕەحیم ڕوونی دەکاتەوە، بەگوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت) دەکاتە (٥٤٥ ملیار) دیناری مانگانە و هەموو داهاتەکەیشی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.

 

جگە لەو بڕە پارەیە، مانگانە بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بە کاش دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ.

 

لەکاتێکدا خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ٩٤٥ ملیار دینارە، بەڵام بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمی کوردستان کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر هەژماری دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی، ئێستا تەنها (٢٨٠ ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە ٣٠٪ی مووچەی مانگانە.

 

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سکرتێری ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی، خەرجی بە جیا لە داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکرێت کە ١٦ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەو کات تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم بە خستنەسەری تێچووی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی ٤٠٠ ملیار لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی ٤٠٪ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی ٦٠٪ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button