هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردن بەشێوازی پێشوو دەبووە مایەی لەکەدارکردنی هەرێم

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی پێداگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكات لەو وادەیەی دیاریكراوە و ئاماژە بەوە دەکات “هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە هەبوو زیاتر دەبووە مایەی لەكەداركردنی ئەزموونی هەرێم نەك بەهێزتركردنی”.

 

ئەو گوتانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی دیدارێک هات لەگەڵ ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، کە ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی ئازاری ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لێکرا.

بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا، كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم، عیراق، ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا دووپاتكرایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە “لەدرێژەی دیدارەكەدا ڕۆڵ و ئەركی داهاتووی هێزەكانی هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریكارییەكانیان بۆ هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق تاوتوێكرا” و لەوبارەیەشەوە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دەبێت مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ واقیع و پێویستییەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە بگونجێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەكە، بۆ ئەمەش پشتیوانیی لە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی عیراق و هاوپەیمانان دەكەین بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش كە خزمەت بە ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە بكات”.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری دیدارەكە بووە و لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكی یەکێتی گوتی: “یەكێتی پێداگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكات لەو وادەیەی دیاریكراوە، هەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەبوو تاوەكو سیستەمێك پەیڕەو بكرێت كە گوزارشت لە هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمەكەمان بكات و ببێتە مایەی بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسی”.

زیاتر دەڵێ: “هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە هەبوو زیاتر دەبووە مایەی لەكەداركردنی ئەزموونی هەرێم نەك بەهێزتركردنی”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...