زۆرینەی لایەنەکانی تورکمان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد
ئەمڕۆ سێشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، نوێنەرایەتی نزیکەی ١٠ پارت و لایەنی تورکمانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە شاری هەولێر سازکرا، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند.
ئەم هەڵوەستەی نوێنەرانی پارت و لایەنەکانی تورکمان، دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دێت، کە بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی هەر ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.
نوێنەرانی پارت و لایەنەکانی تورکمان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد، کە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان داوە، تا ئەوکاتەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە و “سیستەمی دیموکراسی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی”.
ئەوان، هەروەها داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، ڕێگە بە پێشێلکردنی مافەکانیان نەدەن.
لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر نادەستوورییبوونی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و بەو جۆرەیش سەرجەم کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەڵوەشێندرانەوە.
بەگوێرەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەکان خاوەنی ١١ کورسی کۆتا بوون لەکۆی ١١١ کورسی پەرلەماندا؛ پێنج کورسی کۆتای تورکمان، پێنج کورسی کۆتای مەسیحی و یەک کورسی کۆتای ئەرمەن، بەڵام بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق کۆتایی بە سەرجەم ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هێنا.
بەگوێرەی فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، دوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی ڕاپرسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا دەستی کردووە بە تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمی کوردستان.