هه‌واڵ

ئەنجوومەنی شوای هەرێم: دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان

ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ هەرێمی کوردستان دەگرێت و ڕوونی دەکاتەوە، کە دادگاکە خۆی خستووەتە پێگەی یاسادانانەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی لەمەڕ بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق پێوەست بە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەیاننامەکە کە بەناوی دادوەر سەردار یاسین سەرۆكی ئەنجوومەنی شورا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ڕوونکراوەتەوە، کە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، بەتایبەت لەو بڕیارەی دادگاکە پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کردووە، کە دادگای فیدڕاڵی لە دەستور و یاساکان لایداوە و لەو ڕوانگەیەوە ئەنجوومەنی شورا دەڵێ: ئەم ئاڕاستەیەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی بەدەرچوون لە دەستور و یاساكان وای لێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووی دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەی چەندین لێكەوتەی نەخوازراو چ لە لایەنی یاسایی بێت یان لەلایەنی سیاسی یان كۆمەڵایەتی”.

 

بەیاننامەی ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان – عێراق

 

لە سۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەی دادگەی ئیتیحادی باڵای عێراقی لە بڕیارەكانی ئەم دواییەیدا لەخۆی گرتووە دەربارەی ئەو دەعوایانەی دژ بەهەرێمی كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەی باوەڕبوونمان بە سیستەمی فیدرالی لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان – عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەی ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو:

 

1- دادگەی ئیتیحادی باڵا خۆی خستۆتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمی دەعوای ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەی (131) و(185)/ ئیتیحادی/2023، چەندین دەقی یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانی (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ی حوكمی ئاماژەپێكراودا، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی هەندێك ماددە و بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكی ڕوونە بۆ ماددە (93)ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005)، بەتایبەت بەندی (یەكەم)ی، كە تیایدا كاری دادگەی ئیتیحادی باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنی تایبەتكاری چاودێرییكردنی مەودای دەستوری بوونی یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەی دەقی یاسایی لە بڕیاری دادگەی ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرپێچییەكی ڕوونە بۆ ماددە (47)ی دەستور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

 

2- پابەند نەبوونی دادگەی ئیتیحادی باڵا بە عەریزەی دەعوای داواكار، بەجۆرێك داواكاری دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو، داوای هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسییەكەی (كورسییەكانی كۆتا)ی نەكردووە، بەڵكو داوای دوبارە دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بەسەر پارێزگەكانی هەرێم بەگوێرەی پێوەری ژمارەی دانیشتووان، كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لە بەندی (یەكەم)ی حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی دەستەواژەی (یازدە) لە ماددەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ی هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەی دەعواكەی داوای نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەی عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەی داواكار داوای دەكات.

 

3- لە دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانی داوالێكراو بریتین لە:

– سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

– سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

– سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دادگەی ئیتیحادی باڵا لە بەندی (هەشتەم)ی حوكمی دەعوای ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەی دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونی نەیاری (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دادگەی ئیتیحادی باڵا بێئاگایە لەوەی بەبڕیاری ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022 لە 30/5/2023 حوكمی داوە بە نادەستوریی بوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم پێیەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانی لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەی (4)ی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو مەرجی داناوە بەوەی پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەی ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتی بەرزكردنەوەی دەعواكە بوونی یاسایی نەماوە.

 

4- سەرپێچیكردنی دادگەی ئیتیحادی باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعوای ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنی نووسراوی لادانی هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزوری) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خچر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتی 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەی تەخویلكردنی ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەی ئیتیحادی لە دەعوای ئاماژەپێكراودا. كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لەبڕگەی ژمارە (1)ی حوكمی ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم حوكمەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی لادانی هەردوو بریكاری ئاماژەپێكراوی نامێنێت.

 

5- دادگەی ئیتیحادی باڵا لە هەندێك لە بڕیارەكانی كەوتۆتە هاودژی بوون، كاتێك لە دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراودا، بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی (كۆتا)كان پاڵپشت بەوەی بوونی ئەم كورسییانە بۆ پێكهاتەكان لە یاسای پەرلەمانی كوردستان – عێراق ی هەمواركراو پێشێلكردنە بۆ ماددەی (16)ی دەستور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هاودەرفەتی مافێكی پارێزراوە بۆ سەرجەم عێراقییەكان، و دەوڵەت گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ هاتنەدی لەئەستۆ دەگرێت. بەڵام گەر بەووردی سەیری ئەم ماددەیە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە پێدانی كورسی (كۆتا) بە پێكهاتەكان ئەم هاودەرفەتیە دەستەبەر دەكات، و بەیاساكردنی ئەم كورسییانەی (كۆتا) بۆ پێكهاتەكان و چەسپاندنیان بۆیان رێكارێكی پێویستە لەسەر دەوڵەت بیگرێتەبەر بۆ بەرجەستەكردنی هاودەرفەتی، بەتایبەت لەكاتی پیادەكردنی سیستەمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لەڕێگەی دابەشكردنی هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردنی جیاواز، بەجۆرێك دەنگی پێكهاتەكان بەسەر ئەم ناوچانە دابەش دەبێت و لەوانەیە هیچ كورسییەك بەدەست نەهێنن. كەواتە دادگەی ئیتیحادی باڵا كاتێك بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی كورسییەكانی (كۆتا)كان لە هەمان بڕیاردا بڕیاریداوە بە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چەند ناوەچەیەك كەمتر نەبێت لە چوار ناوچەی هەڵبژاردن. ئەمەش لەكاتی پیادەكردنیدا دەبێتە مایەی دەستەبەر نەبوونی هاودەرفەتی دەقنووسكراو لە ماددە (16)ی دەستور، ئەمەش هاودژیی دەنوێنێ‌ لە هەڵوێستی دادگەی ئیتیحادی باڵا. هەر بۆ زانین یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنەكانی پارێزگە و قەزاكان ی عێراقی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی بەركار، بەپێی دوایین هەمواركردنی، دەقی كردووە لەسەر بنەمای كۆتا و پێدانی كورسی بە ژمارەیەك لە پێكهاتەكان (ماددە 15ی هەمواركراو بەپێی ماددە 9ی یاسای هەمواری سێیەمی ژمارە 4ی ساڵی 2023).

 

6- وێرای ئەمانەی سەرەوە، خودی پێكهاتەی دادگەی ئیتیحادی باڵا ناكۆكە لەگەڵ دەقی بەندی (دووەم)ی ماددە (92)ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005، چونكە بەپێی ئەم بەندە دادگەی ئیتیحادی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و یاساناسان پێكدێت، هەروەها ئەو یاسایەی ژمارەیان و شێوازی دەستنیشانكردنیان و كاری دادگە ڕێكدەخات پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تەشریع بكرێت. بۆیە ئەو دادگەیەی چاودێریكردنی دەستوریی بوونی یاساكان لە وڵاتدا لەئەستۆ دەگرێت، پێویستە، پێش هەر لایەنێكی دیكە، پابەند بێت بە ماددە و بەندەكانی دەستور، بەتایبەت ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە پێكهێنانی ئەم دادگەیە و چۆنیەتی كاركردنی، چونكە هیچ ڕەوا نییە دادگەی ئیتیحادی باڵا حوكم بدات بە نادەستوریی یاساكان كەچی خودی خۆی لە ڕووی پێكهاتە و كاركردن و یاسای ئێستاكەی وەكیەك نەبن لەگەڵ دەستور.

 

دیارە ئەم ئاراستەیەی دادگەی ئیتیحادی باڵا بەدەرچوون لە دەستور و یاساكان وای لێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووی دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەی چەندین لێكەوتەی نەخوازراو چ لە لایەنی یاسایی بێت یان لەلایەنی سیاسی یان كۆمەڵایەتی. بەجۆرێك لەم دواییانەدا سەرەتای ئەم لێكەوتە نەخوازراوانە دەركەوت كاتێك حزب و لایەنە نوێنەرەكانی گرنگترین پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان (توركمان و ئاشوری و سریان و كلدان) ڕایانگەیاند بەشداری ناكەن لەو هەڵبژاردنەی بڕیاردراوە لە 10/6/2024 ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی كێشەی سیاسی لە واقیعی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پەرلەمانەی لەدوای هەڵبژاردنی ئاماژەپێكراودا پێكدەهێنرێت نوێنەری پێكهاتەكان لەخۆ ناگرێت. بۆیە دەبێت دادگەی ئیتیحادی باڵا پابەند بێت بە دەستور و پیادەی تایبەتكارییەكانی بكات بەو شێوەیەی لە دەستوردا هاتووە و پێشێلی تایبەتكاری دەسەڵاتەكانی دیكە نەكات.

 

دادوەر

دكتۆر سەردار یاسین حمدأمین

سەرۆكی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان – عێراق

13/3/2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button