داوا لە سوودانی دەکرێت قەرەبووی زیانمەندانی لافاوەکەی هەرێم بکاتەوە
خالید سەلیم ڕێکانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگەی نووسراوێکی تایبەت کە لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، کە تیایدا ٥٠٠ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ حاڵەتەکانی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکان، لەو ڕوانگەیەوە داوا دەکات سەرۆکوەزیران بڕیاربدات بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لافاو بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
ئەو داواکارییەکەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدا دێت، کە دوێنێ سێشەم، لە ئەنجامی ئەو شوپۆلی باران بارینەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەتایبەت لە دهۆک و زاخۆ.
سەرەڕای گیان لەدەستدانی سێ کەس لە ئەنجامی لافاوەکەی زاخۆ، سەدان خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش زیانیان بەرکەوت.