هه‌واڵ

هاوپەیمانی سەردەم: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سیاسیین

هاوپەیمانی سەردەم، ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری سیاسیین و بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان.

 

هاوپەیمانی سەردەم، لەلایەن عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و جێگری دوورخراوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرێت و لە هەریەک لە پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنراوە.

هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، “بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سیاسیین، کە هۆکارن بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی عێراق و بەتایبەت کوردستان و بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان”.

زیاتر هاتووە: “هەموو ئەوانەیش مەترسیین بۆ سەر بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و کیمیابارانکردن هاتۆتە کایەوە”.

هاوپەیمانییەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “هەموو هەوڵ و بڕیارێک ڕەت دەکەینەوە کە ببێتە هۆی مەترسی بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بڕینی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان”.

هەر لە هەمان ڕاگەیەندراودا، هاتووە: “ئەم بڕیارە سیاسییانەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت بۆ سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە ئێمە وەک هاوپەیمانی سەردەم بەپێویستی دەزانین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون بێت و تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشداربن”.

زیاتر هاتووە: “بەبێ بەشداری لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا هەڵبژاردن ئەستەم دەبێت و سەرکەوتوو نابێت، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لەڕێی دیالۆگ بگەنە سازان و ڕێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تەندروست و پاک و ڕوون، ئەمەش فاکتەری سەرەکی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستانە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...