هه‌واڵ

سوودانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی دەکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکەی زێدپرێس، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوانیان دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدا دێت، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا کە لە کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە ئاکرێ پێشکەشی کرد، باسی لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرد و ڕایگەیاند: “هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان”.

مەسرور بارزانی هەروەها دڵنیایی دا لەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە و سوودانی بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، گرفتی مووچە “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چارەسەر دەکرێت” و لەو ڕوانگەیەشەوە مەسرور بارزانی هیوای خواست: “ئەم بابەتە چیدی نەبێتە کێشە و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...