پارتی: لەگەڵ هەڵبژاردنێکین دووربێت لە سەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشکاری پێشوەخت
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە “هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت، و ناکرێت پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لەپەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەڵێ: “داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن و داواش دەکەین تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی چاکتر و فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن” و زیاتر هاتووەڵ “پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دووربێت لەسەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشکاری پێشوەخت”.
دهقی ڕاگهیهنراوهكهی فراکسیۆنی پارتی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەسەرسورمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیۆنێک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
١- پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوو لەرێگای جەنابی سەرۆک بارزانی و لەبەهاری ساڵی ١٩٩١ لەگردبونەوەیەکی جەماوەری لە کۆیە باسی لەوەکرد دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموکراسی لەرێگای هەڵبژاردنەوە.
٢- لەساڵی ١٩٩٢ تادواین هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بووە و هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە و نیە، چونکە پشت ئەستورە بەئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان.
٣- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنووسن خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگربوو لەئەنجامی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیوت ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ناهێڵین سندوقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لەسنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت.
٤- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لەگەڵیشی دەبێت بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لەدارشتن و دیزاینی پێش وەختە و ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی یاسایی و تەکینیکی زۆر گرنگن و پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لەدەست وەردانە.
٥- پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت، و ناکرێت پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لەپەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن.
لەکۆتاییدا داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن و داواش دەکەین تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی چاکتر و فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن و پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دووربێت لەسەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشکاری پێشوەخت.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٤/٥/١