هه‌واڵ

هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

سەرجەم شارەوانییەکان ڕاپێردراون تا هەفتەی داهاتوو، ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی شارەوانی، دووەم کۆبوونەوەی بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداری ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیاری ئەنجوومەنی بۆ  دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.

بڕیارەکە لەکاتێکدا بوو، کە ماوەی ١٨ ساڵە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕاگیراوە و بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی لە وەرگرتنی زەوی سوومەند نەبوونە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێكردن هەتا هەفتەی داهاتوو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت، ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فرەوان بکەن و زەوی دابین بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...