مەسرور بارزانی: سامانی مرۆیی و ماددی زۆرمان هەیە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشترمان دەوێت
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/11/zed-press-masrur-barzani-6-11-2023-780x470.jpg)
لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارەکەی، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە شاری دهۆک، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەم، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، باسی لە سەردان و کۆبوونەوەکانی هەفتەی ڕابردوویان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی ڕاشکاوانەیان بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، بە بەرپرسانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی ڕایگەیاندووە، کە “جێی داخ و نیگەرانییە تا ئێستایش دانوستان لەسەر کێشەی مووچە دەکەین، پێویستە ئەو مافانە سروشتی بن و نەبنە هەواڵی ڕاگەیاندن، بەڵکوو خۆزگە بەرنامەڕێژییمان دەکرد بۆ چۆنیەتی پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کە کێبڕکێی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی جیهان بکەین”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، گوتی: “ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندمان هەیە، سامانی مرۆیی و سروشتی و ماددیمان زۆرن و ئێمە تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشترمان دەوێت تا بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، هیوادارم چیتر کاتی خۆمان بە دروستکردنی کێشە و ناکۆکی بە فیڕۆ نەدەین”.