ڕاگەیەندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ هەڵوێستی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: “ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی دیاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات”.
ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
پارتی لە ڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ڕاگەیاندووە. بەڵام تا ئێستا یەکێتی هەڵوێستی خۆی دەرنەبڕیوە.
هەورامانی هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاریەکین بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی سەرکەتووانە”.