ههواڵ
شاندی هەرێم بۆ مووچە دەچێتەوە بەغدا
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەکان سەردانی بەغدا دەکات.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، بڕیاردراوە، شاندێک بۆ بەدواداچوونی کۆی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق، سەردانی بەغدا بکات.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی مووچە و یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کاری لە پێشینەی شاندەکە دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت، شاندەکە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکات.
تا ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی ئابی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.