ههواڵ
حکوومەتی هەرێم داوا لە بێکاران دەکات خۆیان لە “پۆرتاڵی کار” تۆمار بکەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کارخوازان دەکات خۆیان لە “پۆرتاڵی کار” تۆمار بکەن و خاوەنکارانیش دەرفەتەکانی کاریان لە پۆرتاڵەکەدا بخەنەڕوو.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، “پۆرتاڵی کار”، تاکە پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە تایبەت بە بڵاوکردنەوە و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان.
لەو ڕوانگەیەوە داوا لە خاوەنکاران دەکات “سەردانی ئەم پۆرتاڵە بکەن بۆ بینینی پڕۆفایلی کارخوازان کە ئێستا چەندین کارخواز ناویان تۆمار کردووە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، هەروەها پێویستییەکانیان لە دەستی کاری ناوخۆ بخەنە ڕوو بە دروستکردنی هەژماری تایبەت بە کۆمپانیا و پڕۆژەکانیان.”
هاوکات داوا لە کارخوازان دەکات، “بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەلی کارەکان و نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی بکەن، هەروەها ئەوانەی ناویان تۆمار نەکردووە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و هەلی کارەکان ببینن بۆ گەیشتن بە کاری دڵخوازی خۆیان.”
بۆ سەردانیکردنی پۆرتاڵی کار کلیک بکە