پێشەوا هەورامانی: هەناردەکردنەوەی نەوت مەرجی بەغدایە بۆ ناردنی مووچە

پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، “ئەمڕۆ تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچە بوو و شاندەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت و مووچە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیان کردووە و وردەکارییەکانیان خستەڕوو، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووە”، چونکە وەک ئەو دەڵێ: “ئێستا بەغدا نەوتی کردووەتە مەرج بۆ ناردنی مووچە”.
بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، “سەرۆکی حکوومەت هەرێم وەکوو نیەتپاکی بەبێ ڕێککەوتن ئامادەیی دەربڕیوە بە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەست پێبکات، بەبێ گفتوگۆ و تاوەکوو بەرھەمهێنان وەکوو خۆی لێ دێتەوە”.
زیاتر گوتی: “بۆیە دەمانەوێت دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانن ئێمە نیازپاکیین و لە نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی عێراقیش کۆبوونەوە کراوە و ڕەشنووسێک ئامادە کراوە، کە گرفتەکە لەسەر تێچووی بەرھەمهێنانی نەوتە و زۆر گفتوگۆ کراوە و بە شاندی ئێمەیان گوتووە رێککەوتووین، بۆیە ئەو ڕەشنووسەی ئامادە کراوە چاوەڕێ دەکرێت واژۆ بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت و مووچە ڕەوانە بکرێت، بۆیە چاوەڕێی واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکرێت”.
هەورامانی گوتیشی، “حکوومەت بە جۆرێک چووەتە پێشەوە کە خۆشیان چاوەڕێی ناکەن؛ حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە ٥٠٪ی داھاتی ناوخۆ بداتە عێراق و ھەناردەکردنەوەی نەوتیش دەست پێبکاتەوە، بۆیە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی عێراقە”.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، “تاوەکوو دوا خوولەک ئێمە ئومێدمان بەوە ھەیە بتوانین بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ھەر کەسێکی دیکەی ھەرێم زیاتر خەمی چارەسەری ئەو گرفتانە دەخوات و تا دوا خوولەکیش کار بۆ چارەسەری دەکەین و چەند ڕۆژێکە شاندی ئێمە بەردەوام لە ھەوڵدا بوون و سەرۆکی حکوومەتیش خۆی لەسەر خەت بووە لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەی کراون، ئەمە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە ئێستا ھەمووی تەواو کراوە و دراوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی ئیمزای لەبارەوە بکات، کاتی پێویستیش نییە و تەنیا نیەتی جیددی دەوێت. ئەگەر نیەتی جیددی ھەبێت دەتوانن ئەمڕۆ واژۆی بکەن و مووچە بنێرن”.



