وەزیری نەوتی عێراق: ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری ئەو وەزیرەوە بڵاویکردەوە، “لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆری جەیهان لە تورکیا”.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کەرکووک، وەزیر ڕوونیکردەوە، لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا هەناردەکردن دەست پێدەکات، دوای ئەوەی بڕی پێویست لە حەوزەکاندا کۆدەکرێتەوە. ڕوونیکردەوە “بڕیاربوو ئەمڕۆ دەستپێبکات، بەڵام پرسە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە کۆگاکردن پێویستییان بە ماوەیەک هەیە”.
وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی کردەوە: “ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری جەیهان لە تورکیا دەستپێدەکەینەوە، بە ئامانجی 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەک قۆناغی یەکەم دوای ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێم”.
سەرەڕای لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق، ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە.
هەناردکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان لە ساڵی 2023ەوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی بڕیاریدا تورکیا یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لە ساڵی 2014 تاوەکوو 2018 بە عێراق بدات.



