هه‌واڵ

لانیکەم ١٦ ڕۆژنامەنووس لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کوژران

زێدپرێس

 

بەپێی نوێترین ئاماری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕی حەماس و ئیسڕائیل، لانیکەم ١٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون و کەناڵی جەزیرەیش ئاماژە بە کوژرانی ڕۆژنامەوانی دیکەی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەدا دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، ڕایگەیاند، لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕی حەماس و ئیسڕائیلدا، لانیکەم ١٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون، ئەوەش گەورەترین ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسانە لەماوەیەکی کورتدا. ژمارەکە، یەکسانە بە کۆی ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەماوەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕانیادا کوژراون.

هەر ئەمڕۆ سێشەم ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کەناڵی جەزیرە هەواڵی کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەدا ڕاگەیاند. کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژنامەنووسەکە لە ئەنجامی بۆردمانەکانی ئیسڕائیلدا کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە زۆرینەی ڕۆژنامەنووسەکان لە کەرتی غەززەدا کوژراون، کە ١١ ڕۆژنامەنووسی فەڵەستنی و لەکاتی بۆردمانەکانی ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا سێ ڕۆژنامەنووسی ئیسڕائیلی لە هێرشەکانی حەماس کوژراون و ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانیش کە حکوومەتی وڵاتەکەی هێرشی مووشەکی ئیسڕائیل بەهۆکاری کوژرانەکەی دەزانێت.

جگە لەو ژمارەیە، ٨ ڕۆژنامەنووسی دیکە بریندارکراون و ٣ ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن یان دەستبەسەرکراون.

هەر بەپێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، نزیکەی نیوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کوژراون وەک کامێرامان یان فۆتۆگرافەر کاریان کردووە.

ڤیدیۆگرافەرێکی ڕۆیتەرز کە بنکەکەی لە بەیروتە، لە کاتی هێرشێکدا لە باشووری لوبنان ڕۆژی هەینی گیانی لەدەستدا، لە هەمان هێرشدا، شەش ڕۆژنامەنووسی دیکەی بریندار بوون، کە دوو ڕۆژنامەنووسی دیکەی ڕۆیتەرز و ڕۆژنامەنووسێکی فرانس پرێس و ئەلجەزیرەیان تێدایە.

ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بە مەدەنی دادەنرێن و نابێت لە هێرشەکاندا ڕاستەوخۆ بکرێنە ئامانج.

داکۆکیکارانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەستیان بە فشارخستنە سەر ئیسڕائیل و لایەنەکانی بەشدار لە شەڕەکەدا کردووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کردارە سەربازییانە بهێنن، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی مەدەنییەکان هەیە، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان.

کریستۆف دیلۆیر سکرتێری گشتی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕایگەیاندووە، “داوا لە دەسەڵاتدارانی ئیسڕائیل دەکەین کۆتایی بەو کردەوە سەربازییانە بهێنن، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و لە ئەنجامدا هاووڵاتییانی مەدەنی، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان گیان لەدەستدەدەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسانی بێسنور، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات “ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ململانێکاندا، هەروەها داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن دڵنیابن لەوەی کە ڕێز لە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی دەگیرێت”.

کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، ڕۆژنامەنووسان لە غەززە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر دەبنەوە، لە ئەنجامی هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل.

هەر دوێنێ دووشەم، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیدا، لەدوای هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسڕائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا (١٦ی تشرینی یەکەم)، ١١ ڕۆژنامەنووس لە ئەنجامی هێرش و بۆردمانەکانی ئیسڕائیل کوژرون و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون.

بەگوێرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستین، بەردەوامی پچڕانی کارەبا و ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە، توانای ڕۆژنامەنووسانی بۆ درێژەدان بە ڕووماڵکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل سنووردار کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...