هه‌واڵ
ئاراستەکان

وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی شەهید غەزال دەکات

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کچە پێشمەرگەکەی کۆمەڵە و پرسی چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانەکاندا دەکەن.

 

ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوابەدوای ڕەوانەکردنی غەزال مەولان لە نەخۆشخانەی شۆڕشی تایبەت بە پێشمەرگە بۆ نەخۆشخانەی بەخشینی کەرتی تایبەت، هیچ ڕێکارێکی پزیشکی بۆ نەکراوە.

 

ڕوونیشی کردەوە، نەخۆشخانە تایبەتەکە ئامادە نەبووە بریندارەکە وەربگرێت و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

 

باس لەوەش کراوە، وەزارەتی تەندروستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی لەسەر هێڵ بووە. هەروەها پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆشی ژمارە چوار لە ساڵی ٢٠٢٠ و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٢٢، لیژنەیەک ڕاسپێردراوە بۆ ئاشکراکردن و دڵنیابوونەوە لە تەواوی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی و بەسزاگەیاندنی سەرپێچیکاران.

 

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو جۆرە ڕەفتارانە جێگەی قبووڵکردن نین و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر. جەختی لەوەش کردەوە، هەمیشە پێویستە دامەزراوە تەندروستییەکان بە ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی هەر کەسێک هەستن و نابێت بکەونە ژێر هیچ گوشار و نیازێکی سیاسییەوە.

 

شەهید غەزال مەولان، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو. ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر یەکێک لە ئۆردوگاکانی کۆمەڵە لە ناوچەی سوورداش لەگەڵ دوو لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی بریندار بوون. دوای گواستنەوەی غەزال مەولان بۆ شاری سلێمانی و بەمەبەستی چارەسەرکردنی، لە نێوان نەخۆشخانەکاندا گیانی لەدەستدا.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button