هه‌واڵ

١٣ حزب و لایەنی سیاسی پێداگیری لەسەر لیستی هاوبەشی کوردستانی دەکەن

زێدپرێس-هەولێر

لەسەر بانگهێشتی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی، ١٣ حزب و لایەنی سیاسی کوردستان کۆبوونەوە و داوا دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە لیستێکی هاوبەشی کوردستانی بەشداری بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەم ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، لەسەر بانگهێشتی لیژنەی کاری هاوبەشی کوردستانی، نوێنەرانی ١٣ حزب و لایەنی سیاسی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە، تەرخانبوو بۆ قسەکردن لەسەر پێویستی پێکهێنانی لیستی هاوبەشی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان.

شێخ سدیق جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، وەک لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی، بانگهێشتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان کردووە و زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکانیش بەدەنگ بانگهێشتەکەوە هاتوون.

جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕوونی کردەوە، سەرەڕای بانگهێشتکردنیان، بەڵام نوێنەرانی هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەدەنگ بانگهێشتنامەکەوە نەچوون و لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارنەبوون.

لیژنەی هاوبەشی کاری چەپی کوردستانی، لە هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پێک دێت.

دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، وەک شێخ سدیق ئاماژەی دا، نوێنەرانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر پێکهێنانی لیستی هاوبەشی کوردستانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئەو گوتی “ئێمە لیستی هاوبەشمان دروست نەکردووە، تەنیا داوامان کردووە هەموومان بە لیستێکی هاوبەشەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین”.

پاش کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەر ١٣ لایەنەکە، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، نوێنەرانی هەر ١٣ حزب و لایەنە سیاسییەکە، “بڕیارماندا کە لەبەر کۆمەڵێک ئیجابیات و زەرورەتی بارودۆخەکە، لیستێکی فرەوانی کوردستانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکبێت، کە هەموو حزبەکانی تێدابێت”، بەڵام وەک جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕوونیکردەوە، هەڵەیەک لەو دەربڕینەدا هەیە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە “ئێمە تەنیا داوامان کردووە لیستێکی فرەوانی کوردستانی هەبێت، نەک ئەوەی بڕیارمان لەسەر پێکهێنانی لیستەکە دابێت و دروستمان کردبێت”.

سەبارەت بە هەنگاوی دووەمیان بۆ پێکهێنانی لیستەکە و هەروەها ئایا لەگەڵ ئەو هێزانەی دیکەیش کۆدەبنەوە، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشدارنەبوون، شێخ سدیق دەڵێ “وەک لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی، لە هەر حالەتێکدا پێویست بێت، بانگهێشتی حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە، هەروەک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەشدا جەختمان لەسەر بانگکردنی سەرجەم هێز و لایەنەکان کردووە بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش، بەو هێزانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون یان ئامادە نەبوون”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

ئێمە (١٣) حزبی کوردستانی لە ١٩/٧/٢٠٢٣ لە بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لەسەر بانگهێشتی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی، کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا. هەموومان بڕیارمان دا، کە لەبەر کۆمەڵێک ئیجابیات و زەرورەتی بارودۆخەکە، لیستێکی فرەوانی کوردستانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکبێت، کە هەموو حزبەکانی تێدابێت.

بۆیە داوا لە هەموو حزبە کوردستانییەکان دەکەین چ ئەوانەی لە کۆبوونەوەکە چ ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەش نەبوونە، بەزووترین کات لیستی کوردستانی پێک بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق زۆرترین دەنگ بەدەست بێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزرێت.

 

  • بزووتنەوەی گۆڕان
  • بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
  • تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
  • پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان
  • پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
  • پارتی گەلی تورکمانی
  • حزبی شیوعی کوردستان
  • حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
  • کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
  • هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان
  • هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان/سەرکردایەتی کاتی
  • یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
  • یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button