هه‌واڵ

دوای ١٠ ساڵ ڕووپێوی باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان لە کوردستان دەکرێتەوە

زێدپرێس-هەولێر

پاش ١٠ ساڵ لە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی ڕووپێوی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان، لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بانکی نێودەوڵەتییەوە، دەست بە جێبەجێکردنی گەڕی سێیەمی ڕووپێوی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، بڵاوی کردەوە، پاش نزیکەی چوار ساڵ کارکردن و ئامادەکاری لەلایەن دەستەی ئامار و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، دەست بە کاری مەیدانی کرا بۆ گەڕی سێیەمی ڕووپێوی “بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان” لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی دەستەی ئامار، ئەم ڕووپێوە، بە یەکێک لە ڕووپێوە گرنگ و گەورەکان هەژمار دەکرێت، کە بۆ ماوەی یەک ساڵی کارکردن لە مەیدان بەردەوام دەبێت و تیایدا چاوپێکەوتن لەگەڵ چوار هەزار و ٦٠٨ خێزان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی وەڵامەکانیان لەسەر پرسیارنامەی ڕووپێوەکە، کە لە ٢٤ بەش پێکهاتووە.

دەستەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەم ڕووپێوە مەیدانییە تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لە ئەنجامدا هێڵ و ڕێژەی هەژاری لەسەر ئاستی پارێزگا دەردەخات، لەسەر بنەمای خەرجییەکانی خێزان.

تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر دوایین ڕووپێوی هاوشێوە، کە ساڵی ٢٠١٢ دەست کرا بە گەڕی دووەم و ساڵی دواتر ئەنجامەکانی ڕاگەیەندرا و دواتر نەخشەی هەژاری لەسەر ئاستی شارەدێ، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی و ئەنجامی ڕووپێوێکی تری گەورە کە ئەوکات بە ناوی “ڕووپێوی نەخشەی هەژاری و مردنی دایکان” هەژمار کرا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەم گەڕەدا، بەهەمان شێوەی گەڕەکانی پێشوو، جگە لە بابەتی هێڵ و ڕێژەی هەژاری، نیشاندەری گرنگی تر پیشان دەدات، وەک ئاستی خوێندن و فێرکردن، بارودۆخی تەندروستی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، بەشەخۆراک و ئاسایشی خۆراک، نیشتەجێبوون، گەڕان بەدوای کار، کاری کشتوکاڵی، داهات، بوونی کەلوپەلی ناوماڵ، قەرز و پێشینەی یارمەتی، شۆکەکان، بەکارهێنانی کات، دادپەروەری، و ڕازیبوون و متمانە.

هەروەها، سەبەتەی کاڵاکانی بەکارهاتوو لە لایەن خێزان سەر لە نوێ دروست دەکرێتەوە، و تیایدا ئەو کەلوپەل و کاڵایانە دادەنرێت، کە خێزان ڕۆژانە، هەفتانە، مانگانە، شەش مانگ و ساڵی جارێک بەکاری دەهێنن بۆ ژیانیان. لەم سەبەتەیە، گرنگترین ئەو کەلوپەل و کاڵایانە هەژمار دەکرێن بۆ دەرکردنی ژمارەی پێوانەیی یان ئەوەی پێی دەگوترێ (ڕێژەی هەڵاوسان) و ئەمەش لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە بۆ زانینی هێزی کڕینی دراوی وڵات، کە ڕەنگدانەوەی هێزی ئابووری وڵات دەردەخات.

وەک دەستەی ئامار ئاماژەی بۆ دەکات، دوای سەرژمێری، ئەم ڕووپێوە بە گرنگترین پڕۆژەی ئاماری دادەنرێت و دەزگاکانی ئامار بەوپەڕی تواناوە کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نیشاندەرەکان بە باشترین شێوە، تاکوو دواتر بدرێت بە بەرزترین دەسەڵات و سوودی لێ وەربگیرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژیەت و پڕۆژەکانیان کە لە ساڵانی پێشووتر جێبەجێ کراون.

جێگەی ئاماژە پێکردنە، ئەم ڕووپێوە پێویستە پێنج ساڵ جارێک بکرێت بۆ زانینی ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوویانداوە لەو بوارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە و وەک دەستەی ئاماریش دەڵێ: لە حاڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە نەک لە پێنج ساڵ، بەڵکوو لە ١٠ ساڵی ڕابردوو، کە دوایین گەڕ ئەنجام درا، گۆڕانکاری زۆر ڕوویان داوە، لە ڕووی دیمۆگرافی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و زۆر پێویستە بزانرێت و کار بکرێت لەسەریان بۆ باشتر بەکارهێنانی سەرچاوەکان.

دەستەی ئاماری کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێ “لەمڕۆوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە هەرێم، دەست دەکەن بە کاری مەیدانی لە تەواوی قەزاکان و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین، هاوکاریان بن بۆ جێبەجێکردنی ڕووپێوەکە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...