هه‌واڵ

درۆنێکی چاودێری لە ڕانیە خرایە خوارەوە

زێدپرێس-ڕانیە

 

شەوی ڕابردوو ٢٤/٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، کاتژمێر 9:30، درۆنێکی نەناسراو کە گومان دەکرێت کامێرای چاودێری پێوە لکێندرابێت لەلایەن هێزەکانی بارەگای سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە ناو شاری ڕانیە تەقەی لێکراو خرایە خوارەوە.

 

شایەتحاڵێك کە لەو کاتەدا لە نزیك شوێنەکە بووە بە زێدپرێسی ڕاگەیاند کە هێزەکانی بنکەی ئاسایش “تەقەیەکی زۆریان لە درۆنێك کرد کە بەسەر بارەگای ئاسایشدا دەسوڕایەوە.”

شایەتحاڵەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی، “لانیکەم سێ پاسەوانی بارەگاکە تەقەیەکی زۆریان کرد و درۆنەکەیان خستە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.”

بە گوتەی شایەتحاڵەکە، دوا بەدوای تەقەکان، هێزەکانی ئاسایش دەرچوون و دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کەسێکیان لە ماڵێکدا لە نزیك بارەگاکە بە تۆمەتی هەڵدانی درۆنەکە دەستگیرکردووە بەڵام تاکو ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە ئاخۆ مەبەست لە هەڵدانی درۆنەکە بە سەر بنکەی ئاسایشدا چی بووە.

زێدپرێس نەیتوانی ئەوە پشتڕاستبکاتەوە ئاخۆ درۆنی حەقیقی بووە یان فڵای کام، بەڵام شایەتحاڵەکە گوتی کە قەبارەی ئامێرەکە لە فڵای کام گەورەتر بوو. جگە لەوەی ڕووداوەکە لە شەودا بووە، ئەوە، گومانی درۆن زیاتر دەکات.

بارەگای ئاسایش دەکەوێتە سەر ڕێگای جووت سایدی سەرەکی نێوان ڕانیە و شارۆچکەی چوارقوڕنە لە گەڕەکی نەورۆزی شاری ڕانیە. ماوەیەك لەمەوبەر بەڕێوەبەرێکی نوێ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بەناوی عەمید جەمال بۆ ئاسایشی ڕانیە دانراوە و لەناو خەڵکدا وا بڵاوکراوەتەوە کە کەسێکی ئەمنی توندە و پێشتر لە دەزگای زانیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کاری کردووە و ئێستاش دەسەڵاتێکی زۆری لە ناوچەکەدا پێدراوە.

چەند ڕۆژێکیشە بە ئەمری عەمید جەمال سەرجەم عەرەبانە و دەستگێڕەکانی ناو شاری ڕانیە، بەتایبەت میوەفرۆشەکانی ناو بازاڕ، ڕێگەیان پێنادرێت لە سەر شەقامەکانی ناوشاردا کاربکەن بە بیانوی ئەوەی قەرەباڵغی لە شەقامی سەرەکیی ناوبازاڕدا دروستدەبێت، بەتایبەتی لە ئێواراندا.

تاکو ئێستا نە هێزەکانی ئاسایش و نە پۆلیسی ناوچەکە و هیچ میدیایەکی سنوورەکەش، زانیارییەکیان لەسەر ئەم بابەتە ئاشکرا نەکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...