هه‌واڵ

یەکێتی نووسەرانی جینۆساید: پێویستە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە کورد بکات

زێدپرێس

 

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، لە یادی قوربانیانی بارزانییەکاندا ڕای دەگەیەنێت، پێویستە حکوومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لە پای ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییانەی دەرھەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون. ڕەخنەیش لە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەگرن، کە خەمسارد و کەمتەرخەم بوون لە دۆسیەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی گەلی کوردستاندا.

 

دەقی ڕاگەیەنراوی یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بۆ ساڵڕۆژی قوربانیانی بارزانییەکان:

چل ساڵ لەمەوبەر لە پڕۆسەیەکی ڕەشبگیریدا ھەزاران پیاو و مێردمنداڵ لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی قوشتەپە و بەحرکە گیران و ڕاپێچی سەحراکانی باشوری عێراق کران، دوای کوشتنیان، بە کۆمەڵ خرانە ژێر لمی بیابانەوە.

ئاکام لە پڕۆسەی لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دۆسیەی بارزانییەکانی لە ٢٠١١/٥/٣ بە جینۆساید سەلماند.

وەک یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە یادی قوربانیانی بارزانییەکاندا چەند ڕاستییەک بیر دەھێنینەوە:

یەکەم: حکوومەتی عێراق پێویستە بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لە پای ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییانەی دەرھەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون. قەرەبووی قوربانیانیش بکاتەوە.

دووەم: کار بکرێت بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانیانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکان و ئەنفال و فەیلییەکان بە پشتبەستن بە یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان. ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیان. حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدانیش لەوە زیاتر لەم دۆسیەیەدا کەمتەرخەم و بێباک نەبن.

سێیەم: دەسەڵاتی کوردستان ئەم یادە و یادی قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و بارزانی و فەیلی و ڕاگواستنەکان بە ڕۆتین وەرنەگرێت و تەماشا نەکات و  ئەم یادانە بکاتە دەرفەت بۆ بەجیهانناساندنی دۆسیەی جینۆسایدی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ، ناوچەکە و جیهان.

چوارەم: جەخت دەکەینەوە لە گەڕاندنەوەی ئەو ١٧١ ئێسک و پروسکەی قوربانیانی ئەنفال بەڕێز و شکۆوە، کە ماوەی چوار ساڵە، بێناز لەسەر ڕەفەکانی خانەی پزیشکی بەغدا دانراون.

پێنجەم: کردنەوەی سەنتەری دیراسات و خوێندنی جینۆساید لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بەتایبەتی زانکۆکانی کوردستان بە پشتبەستن بە پڕۆگرامێکی گشتگیر و وەک یەک بۆ ھەموو زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان.

شەشەم: ھێشتا دەسەڵاتی کوردی لەبەکارھێنانی ناو و چەمکی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیشدا ھەڵە دەکەن. ئەمەش دەرخەری نەبوونی دیقەت و بایەخە. ئەم ھەڵەیەش گواستراوەتەوە بۆ ناو ئەدەبیاتی نووسین و ناو کۆمەڵگاش.

حەوتەم: بایەخدان بە بەرھەم و لێکۆڵینەوەی نووسەرانی جینۆساید و پشتیوانیکردنیان، چونکە ھێشتا ئاوڕنەدراوەتەوە لەم دۆسیەیە و وەک پێویست نە دیکۆمێنتکراوە نە بەڵگە و زانیارییەکان کۆکراونەتەوە، نە پڕۆسەی  ساخکردنەوە ئەنجامدراوە، لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە. ئەو ھەوڵ و کارە خۆبەخشانەی لەسەر ئاستی نووسەران و ھەوڵی تاکەکەسی لە دۆسیەی جینۆسایدا دراون، لەبەرچاوترە و جێی پێزانین و نرخاندنە.

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەڕێزەوە یادی قوربانییەکان دەکاتەوە و تاوانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکان بەبیر دەهێنینەوە.

ڕایدەگەیەنین، ھێشتا کورد نەگەیشتۆتە کەناری ئارام و لەبەردەم مەترسی کۆمەڵکوژیدایە، بە بایەخدان بە دۆسیەی ئازار و ژانی گەلەکەمان، کوردستان لەو مەترسییە دوور دەخرێتەوە و بنەمای ژیانێکی سەقامگیر بۆ کۆمەڵگاکەمان فەراھەم دەبێت.

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان

٢٠٢٣/٧/٣١

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...