هه‌واڵ

ساڵی سەخت؛ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە ئێران گیراون و ١١یان بێسەروشوێنن

محەمەد عەبدوڵا

 

زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە ١٠ مانگی ڕابردوودا لە ئێران دەستگیرکراون و ١١ ڕۆژنامەنووسی تریش تاکوو ئێستا بێسەروشوێنن، ئەمەش دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە “شۆڕشی ژینا” ناسراوە.

بەگوێرەی ئاماری یەکێتی ڕۆژنامەنوسانی تاران، لەو کاتەوەی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەریهەڵدا، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە ئێران بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراون یاخود بەندکراون.

هەرچەندە زۆربەیان بە کەفالەت ئازادکراون، بەڵام چارەنووسی ١١یان تاکوو ئێستا دیار نییە، لەنێویاندا شەش بەندکراو و پێنج ڕۆژنامەنووسی تر هەن کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ئامارەکان لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەکە، ئەکبەر مونتەجەبی، لە ڕۆژنامەی سازندەگی نزیک لە باڵی چاکسازیخوازی ئێران بڵاوکراونەتەوە.

مونتەجەبی بابەتێکی بە ناوی “ساڵی سەخت” لە ٨ی ئاب لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکردۆتەوە، وەکوو ئاماژەیەك بە ساڵێکی سەخت و دژوار بۆ ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی.

لە بابەتەکەدا دەڵێت ڕۆژنامەنوسان، ئەوانەی بە خۆڕاگری ماونەتەوە و مەشخەڵی ئازادیان هەڵگرتووە، دوژمنی وڵات نیین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگە. ئەوان ئاوێنەی ئازارەکانی خەڵکن و هاوکاری حکوومەتێکی دوژمنکارانە ناکەن.

لەنێو گیراواندا ٢٤ ژن هەن، دیارترینیان دوو ڕۆژنامەنوس بەناوەکانی نیلۆفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢وەوە دەستگیرکراون.

ئەم دوو ڕۆژنامەنوسە پەردەیان لەسەر کوژرانی کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژینا ئەمینی لادا. نیلۆفەر هەواڵی کوژرانی ژینای بڵاوکردەوە و ئیلاهیش لەسەر پڕۆسەی ناشتنەکەی ڕاپۆرتی بڵاوکردنەوە، بەڵام ڕژێمی ئێران بەوە تۆمەتباری کردن کە لەلایەن ئەمریکاوە دژی ڕژێمی ئێران هاوکاری کراون.

ژینا ئەمینی دوای ئەوەی لەسەر شێوازی پۆشینی جلوبەرگەکەی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران لە تاران دەستگیر دەکرێت و بەپێی ڕاپۆرتەکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەستدەدات.

کوژرانی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان کە بە شۆڕشی ژینا یان ژن، ژیان، ئازادی ناسراو بووە گەورەترین مەترسی سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٤٣ ساڵی تەمەنیدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی مافی مرۆڤی چالاکوانان کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، لە ماوەی چوار مانگی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە ئێران دەستگیرکراون، کە ١١٠ کەسیان تۆمەتی قورسیان ئاڕاستەکراوە و ئەگەری لە سێدارەدانیان هەیە. هەروەها ٥٢٢ کەسیش کوژراون، لەنێویاندا ٧٠ مێردمنداڵ و ٦٨ کەس لە هێزە ئەمنییەکان. ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەکان لەوکاتەوە زیاتریش بووە.

بەپێی پێوەرەکانی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری  ٢٠٢٣ (World Press Freedom Index 2023) کە لە ٣ی ئایاردا لە لایەن پەیامنێرانی بێسنوورەوە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بڵاوکرایەوە، ئێران بە یەکێک لە خراپترین  وڵاتەکانی جیهان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری دادەنرێت.

لەو هەڵسەنگاندنە جیهانییەدا بۆ ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی لە کۆی 180 وڵات، ئێران لە پلەی 177ـەمین و لە دوای ڤێتنام و چین و کۆریای باکورەوە دێت.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...