هه‌واڵ

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکاتەوە

زێدپرێس

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، دەستکردنەوەی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ ڕاگەیاند.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، ئەمڕۆ پێنجشەم ١٧ی ئابی ٢٠٢٣، ڕای گەیاند، دووبارە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە لە بەرهەمدارترین کێڵگەی نەوتی ژێر دەستی کۆمپانیاکە لە کوردستان، کە کێڵگەی تاوکێیە. لە کاتێکدا کێڵگەکە چوار مانگی بێ بەرهەمی بەڕێکرد، دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوت لەڕێی بۆڕییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی دی ئێن ئۆ، بەرهەمهێنان مانگی ڕابردوو دەستی پێکردەوە بۆ پشکنینی خۆڕاگریی بیرە نەوتییەکان و بەرنامەکردنەوەی کۆگاکان، هەروەها تاوەکوو ئێستا لە بەرهەمهێنان بەردەوام بووە بەهۆی خواستی بەهێز لەسەر نەوتی تاوکێ.

بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە دەگاتە ٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. شایەنی باسە، کێڵگەی نەوتی پیشخابووری نزیک تاوکێ، کە بە هەمان شێوە دی ئێن ئۆ کاری بەرهەمهێنانی لێ دەکات، بە داخراوی ماوەتەوە.

نیوەی بەرهەمی تاوکێ دەگوازرێتەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نیوەکەی دیکەش لە لایەن دی ئێن ئۆوە دەفرۆشرێت وەک نوێنەری کۆمپانیا گرێبەستکارەکانی دی (دی ئێن ئۆ ٧٥٪ بەردەکەوێت و جەنێڵ ئینێرجی ٢٥٪) بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی، ئەو نەوتەش لەڕێی تەنکەر دەگوازرێتەوە. نرخەکان بەگوێرەی گرێبەستەکان دەگۆڕێن و بەگشتی لە دەوری ٥٠٪ نرخەکانی پێش داخستنن، بەڵام ئێستا دەستهەقی کۆمپانیاکە دەمودەست بە دی ئێن ئۆ خۆی دەگات.

“لە کاتێکدا هیچ ڕووناکییەک لەوسەری بۆڕییەکانی هەناردەکردنی نەوت نابینین، بەردەوام ڕووناکی تانکەری زیاتر و زیاتر دەبینین دێن بۆ هەڵگرتنی بارەکانی تاوکێ و لەسەر بنەمای پارەدانی ڕاستەوخۆ بۆ وەرگرتنی بەرهەم کار دەکەن،” بیژەن ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ گوتی، “ئەمە لە کاتێکدایە، ستراتیجییەکەمان بۆ درێژکردنەوەی سنووری کارەکانی دی ئێن ئۆ بۆ دەرەوەی کوردستان خەریکە بەر دەگرێت.”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...