هه‌واڵ

وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوە لەسەر نرخی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس دەدات

زێدپرێس

 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕەتی دەکاتەوە، گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) کرابێتە پارە و نرخی بۆ دانرا بێت.

 

د. سەرکار سورچی گوتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ئەمڕۆ سێشەم ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە، ئەو هەواڵەی باس لە دانانی نرخ لەسەر گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) دەکات، بنەمایەکی ڕاستی نییە.

“گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بە شەو و بەڕۆژ لە تەواوی هەفتەدا بە خۆڕاییە و لە خزمەت هاووڵاتییاندایە”، گوتەبێژەکە وای گوت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ڕێنماییەكی وەزارەتی تەندروستی ڕێگە دەگیرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی) و “نرخەكان كەمكراوەتەوە و سنوورداركراوە و یەكخراوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان”.

بەڵام لەبارەی ئەمبوڵانسی حوکمی، دووپاتی دەكاتەوە، “بەكارهێنانی ئەمبوڵانسی حكومی بۆ نەخۆش لە هەموو هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...