هه‌واڵ

داشکانی کرێی کارەبا بۆ هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین کرا

زێدپرێس

بەبڕیاری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داشکانی کرێی کارەبا بۆ هەریەک لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کرا. ئەوەش بەدوای بەدواداچوونێکی تایبەتی زێدپرێس دێت، کە کێشەیەکی کارگێڕی لە بڕیارەکەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا لە بڕیاری داشکاندنی کرێی کارەبا وروژاند.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە ٦٥٥٥ی ڕێککەوتی ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ و بە ئیمزای کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، مەبەستی داشکاندنی ڕێژەی ١٥٪ی کرێی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، داشکانەکە بۆ سێ مانگ دەبێت؛ لە ڕێککەوتی ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ەوە دەست پێدەکات و لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر زێدپرێس لە بەدواداچوونێکی تایبەتدا، ئاشکرای کردبوو، بڕیاری داشکاندنی کرێی کارەبا کە بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەنیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ناتوانن داشکاندنەکە بکەن، چونکە وەک لە بەدواداچوونەکەی زێدپرێسدا ڕوونکرابوویەوە، لە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەبارەت بە ڕەزامەندیدان لە سەر داشکاندنی کرێی کارەبا، تەنیا ئاماژە بە پارێزگای سلێمانی کرابوو، بەوەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین تووشی کێشەیەکی کارگێڕی دەبوون، لە ئەگەری جێبەجێکردنی داشکاندنی کرێی کارەبا، لەکاتێکدا لە بڕیارەکەدا، ئاماژە بە ناوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە نەکرا بوو بۆ ئەو مەبەستە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...