هه‌واڵ

دادگای هەولێر سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی ئەوین ئەحمەد دەرکرد

زێدپرێس

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، دادگای هەولێر سزای لە سێدارەدانی بەسەر بکوژی ئەوین ئەحمەد سەپاند، کە پێش دوو ساڵ لە ئاهەنگێکدا تەقەی لێکرد و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

پێش دووساڵ، لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شارەدێی تەقتەقی سنوری کۆیە، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بەناوی ئەوین ئەحمەد، لەلایەن گەنجێکەوە تەقەی لێکرا و بریندار کرا، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی کۆیە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ئەوکات، باوکی کچەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد، بکوژ ئامۆزایەتی و پێش تاوانەکە، هاتووەتە خوازبێنی کچەکەیەوە، بەڵام لەلایەن کچەکەیەوە خوازبێنییەکە ڕەتکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی قوتابییە و لەو قۆناغەدا نایەوێت هاوسەرگیری بکات.

ئەوکات، ئەوین ئەحمەد عوسمان لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی، لە بەشی زانستیدا دەیخوێند.

بەگوتەی ئەحمەد عوسمان باوکی کچەکە، ئەمڕۆ چوارشەم ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، دادگای هەولێر، دوای چەندین دانیشتن و دادبینی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر بکوژی ئەوین ئەحمەددا سەپاندووە.

بکوژەکە بەناوی (ئـ.. ح.) و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...