هه‌واڵ

حاکم قادر: پێویستە پێکەوە بەرانبەر ستەمی بەغدا بوەستینەوە

زێدپرێس

حاکم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاتی ئەوەیە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتوویی و یەكڕیزی ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریانە ببنەوە، کە لە بەغدا دەرھەق بە گەلی كوردستان دەكرێت و  پێویستە پێکەوە بەرانبەر ئەو ستەمە بوەستینەوە.

حاکم قادر حەمەجان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی دا، “لایەنە كوردستانییەكان ناکۆکییەکانیان لە بەغدا وەلا نەنێن، گەلی کوردستان زەرەر دەکات”.

ڕایگەیاند، “کاتی ئەوەیە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتوویی و یەكڕیزی ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریانە ببنەوە کە لە بەغدا دەرھەق بە گەلی كوردستان دەكرێت و  پێویستە پێکەوە بەرانبەر ئەو ستەمە بوەستینەوە”.

ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی سەردانیکردنی چەند دەزگایەکی میدیایی هات، کە ئەمڕۆ چوارشەم ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی سەردانیکردوون.

حاکم قادر حەمەجان لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، هەڵوەستەی لەسەر دۆخی کوردستان و ئازادی ڕادەربڕین کرد، ئەو گوتی “سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دەرفەتی زیاتری بڵاوبوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک ئاستدا ئازادییەکان بەرتەسک کراونەتەوە و ئێمە وەک یەکێتی، هەمیشە پێداگریمان کردوە دەبێت ڕەچاوی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕۆژنامەوانی بەرفرەوانتر بکرێت و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بکرێت، هەروەها زەمینە بڕەخسێنرێت بۆ بیڕوڕای ئازاد کە یەکێکە لە بنەماکانی جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ.”

حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەش كرد، “ئێستا کە هەرێم ناتوانێت سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، هیچ بیانوویەک بۆ ئەوە نەماوە بەغدا بودجە و مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت، ئەوەی ڕوودەدات ستەمێكی گەورەیە لە گەلی کوردستان، بە تایبەت لە مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان دەکرێت، دەبێت فشارەکان چڕتر بكرێنەوە و سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە یەكگرتوویی هەوڵبدەن شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنن.”

لە كۆتایی سەردانەكەیدا حاكم قادر جەختی لەوە كردووە، “ئێستا پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لایەنی کەم لە بەغدا ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن، ئەگەرنا گەلی کورستان زەرەر دەکات و بەرپرسیارێتی مێژووییش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی یەکڕیزی کورد لە بەغدا تێکدەدەن.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button