دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی لەبارەی مووچەوە بڵاوکردەوە
زێدپرێس
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، پەیامێکی سەبارەت بە بارودۆخی فەرمانبەران و پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تیایدا داوا دەکات حکوومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت و جیاوازی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم نەکرێت.
دەقی پەیامەکە:
بە داخەوە وەک دەبینین ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەران دابەش نەکراوە، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک و بازاڕ دروست کردوەو ژیانی مووچەخۆرانی قورس کردووە کە مافێکی ئاسایی خۆیانە لەبەرانبەر ئەو ئەرک و خزمەتەی پێشکەشی دەکەن.
ئێمه پێمان وایە پابەند بوون بەدەستور و ڕێککەوتنەکان سەرچاوەی گرنگن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دادپەروەری پەیڕەو بکرێ بەرانبەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ناکرێ هاووڵاتیان و مووچەخۆران ببنە بەشێک لە ململانێی سیاسییەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و جیاوازییەکان.
مووچە و شایستە داراییەکان مافێکی دەستوری و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڕوونی لەماددەی ١٤ی دەستوری هەمیشەیی عێراق باسی لە یەکسانی هەموو هاووڵاتییانی عێراقی کردووە، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ناکرێ بەو جۆرە ژیانی خەڵک زیاتر قورستر بکرێ، کە ئاکامەکانی ڕۆژانە خراپتر و کاریگەتر دەبن.
هیوادارین حکوومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرن وەک چۆن لەیاسای بودجەی گشتیدا هاتووە.
ئێمە وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پشتگری لە گفتوگۆ و دانیشتن و پشتبەستن بە دەستور و لێک تێگەیشتن دەکەین، بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانی لەبەینی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣