هه‌واڵ

سکاڵا لەدژی شاسوار عەبدولواحید و یوسف محەمەد و دوو پەرلەمانتاری پێشوو تۆمارکرا

زێدپرێس

 

لە دادگای هەولێر، سکاڵا لە دژی هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەریەک لە هۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد پەرلەمانتارانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان تۆمار کرا.

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ تیمیکی پارێزەران لە دادگای هەولێر، سکاڵا یاساییەکەیان تۆمار کرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم دادگای هەولێر خستیانەڕوو، ئاماژەیان بەوە کرد، وەک تیمێکی پارێزەران و بەپاڵپشتی ژمارەیەک لە خانەوادەی شەهیدان، چالاکانی مەدەنی و گەنجانی خۆبەخش لە سەرتاسەری کوردستان، سکاڵاکەیان گەیاندووەتە دادگای لێکۆڵینەوە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی.

بەتۆمەتی ئەوەی “ئەو کەسانە هەستاون بە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و دروستکردنی بێمتمانەیی لای خەڵکی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی لێدوانی چەواشەکارانە، بەمەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەهێزکردنی گوتاری داگیرکەر و بێگانە، لەناو خەڵکی کوردستاندا”.

تیمەکە ئاماژەیان بەوە کرد، “ئەو کەسانە لێدوان و قسەی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەگەر نەوتی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت، لە بەغداوە پارە دێت، بەشێکیشیان لە بەغدا سکاڵایان لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و بەناوی خەڵکی کوردستانەوە قسەیان کردووە، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بەغدا”.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، دووپاتیان کردەوە “سەرجەم ئەو کەسانە ڕاپێچی بەردەم دادگا دەکەین و دەبێت لە دادگا وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە”.

زیاتر دەڵێن “ئەو کەسانە دەیانگوت بەس نەوت ڕادەستی بەغدا بکرێت، بەغدا پارە دەنێرێت، فەرموو ئەگەر ئێوە خەمخۆر و دڵسۆزی خەڵکی کوردستانن، برۆن مافی خەڵکی کوردستان لە بەغدا وەربگرنەوە”.

وەک ئاماژەیان بۆ کرد، “ئەوەتا نەوت ڕادەستی بەغدا کرا و ئەگەر بەقسەی ئەوان بووایە، دەبوو ئێستا چەندین مووچە بدرابووایە و قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکرابووایەوە. ئەوان بوونە هۆی تێکدانی بازاڕ و گوزەرانی خەڵک، بوونە هۆکاری تێکدانی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی خەڵک”.

ئەو تیمەی پارێزەران لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، دووپات لەوە دەکەنەوە، “بۆ لەمەودوا هەر کەسێک ڕای گشتی چەواشە بکات و دژ بە هەرێمی کوردستان قسە بکات، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...