ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

عێراق ڕێککەوتنە کشتوکاڵییەکەی لەگەڵ هەرێم دەشکێنێت

زێدپرێس

 

پێشتر هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون، کە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی هەرلایەک و لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمەکە لەبازاڕەکانی عێراق و کوردستان، سەرجەم دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیدا دابخرێن، بەڵام ئێستا لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستاندا، عێراق لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێم پاشەکشەی کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەکوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێم، پێشتر ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، لەپێناو داڕشتنی سیاسەتێکی یەکگرتووی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی لەسەرتاسەری عێراقدا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە لە وەزیری پێگەیشتنی بەرهەمەکانی جووتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ببنە ناوەندی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەوان و بە پێچەوانەوە لە وەزیری پێگەیشتنی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بازاڕەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق ببنە ناوەندی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

 

هەرێمی کوردستان لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پابەندبووە بە ڕێککەوتنەکە و ڕێگەی بە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەداوە

 

ڕێککەوتنەکە پێویستی بە داخستنی سنورەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام وەک بێگەرد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پابەندبووە بە ڕێککەوتنەکە و ڕێگەی بە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەداوە، بەڵام ئێستا لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی جووتیارانی کوردستان، حکوومەتی عێراق پابەند نابێت بە داخستنی دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراقدا و بەدیاریکراوی لە ٣٠ی ئابدا، کە دەبوو دەروازەکان دابخرێن، لایەنی عێراقی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد و بڕیاریاندا بە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگەدان بە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ ناو عێراق و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوە کرد، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بە نووسراوی فەرمی و لەڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ وەزیر و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەروەها لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، داوایان لەلایەنی عێراقی کردووە، پابەندی ڕێککەوتنەکە بن، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنییان وەرنەگرتووەتەوە، کە خۆی لە داخستنی دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا دەبینێتەوە.

وەک ئەوەی بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ کردووە، ئەوان تا ئێستا هەر چاوەڕوانی لایەنی عێراقی بوون، بۆ دەرکردنی بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەڕووی بەرهەمی هاوردەکراو، بەڵام چیتر بڕیاریانداوە چاوەڕوان نەبن و لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا و تاکلایەنە بڕیاریانداوە بە داخستنی سەرجەم بازگە و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی بەرهەمی هاوردەکراو، بەتایبەت ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە لە پێویستی ناوخۆی هەرێم زیاتر بەرهەم دەهێنرێن.

وەزیری کشتوکاڵ ڕوونیکردنەوە، دوێنێ دووشەم ١٨ی ئەیلوول بڕیاری داخستنی سنورەکانیان داوە، ئەوەش لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

 

دەبوو دەروازەکانی عێراق بەڕووی بەرهەمی هاوردەکراو دابخرێن و بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق بکرێن بەناوەندی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

 

ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت بەرهەمەکانی تەماتە، خەیار، پەتاتە و جۆرەکانی سەوزەوات، بەپێی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی و ڕێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق، دەبوو دەروازەکانی عێراق بەڕووی بەرهەمی هاوردەکراو دابخرێن و بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق بکرێن بەناوەندی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ئەوەی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، دەروازەکانی هەرێم بەڕووی بەرهەمی هاوردە داخران تا بەرهەمی جووتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق لە بازاڕەکانی هەرێم ساخ بکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆیش ژمارەیەک لە جووتیارانی پێنجوێن سەردانی بەغدایان کرد و لەڕێگەی خستنەڕووی بەرهەمەکانیان، داوایان لەلایەنی عێراقی کرد، کە دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی دابخات.

بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای کرد، کە لایەنی عێراقی داوایان لە هەرێم کردووە، کە لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە نووسراوێکی فەرمی پێشکەش بکەن، لەسەر ئەو بنەمایەی کە گرەنتی بدەن بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق پڕ بکاتەوە، ئەوەش وەک مەرجێک بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، کە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت و ڕاستەوخۆیش لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا، ئیمزای لەسەر ئەو نووسراوە کرد، کە دڵنیایی لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆی عێراق دەدات لەڕێگەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و لەناویاندا بەرهەمی تەماتە، پەتاتە، خەیار و سەوزەوات.

“ئومێدە دەکەم لەدوای ئەم نووسراوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیار لەسەر داخستنی دەروازەکان بەڕووی بەرهەمی هاوردەکراو بدات”، بێگەرد تاڵەبانی وای گوت.

هەر دوێنێ دووشەم، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتی لەوە کردەوە، کە “بەداخەوە پابەندبوون نابینین لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی فیدڕاڵ، دوای ئەوەش کە ڕێکەوتووین لە سەر یەکخستنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی، بەڵام بەبێ ڕەچاوکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی بەرهەمەکانیان کردۆتەوە”.

 

بەپێی ڕێککەوتنەکەمان بێت، دەبێت بەهەماهەنگی هەردوو وەزارەت و بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران، بڕیار لەسەر هاوردەکردنی هەر جۆرە بەرهەمێک بدرێت

 

زیاتر دەڵێ “لەگەڵ ئەوەی بەپێی ڕێککەوتنەکەمان بێت، دەبێت بەهەماهەنگی هەردوو وەزارەت و بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران، بڕیار لەسەر هاوردەکردنی هەر جۆرە بەرهەمێک بدرێت، لەبەر ئەوە لەپێناو ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیارانمان و ڕێگریکردن لەو زەرەروزیانەی کە بەریان دەکەوێت، لە هاوردنی بەرهەمی دەرەوە بڕیارماندا بە ڕێگەنەدان بە هاتنی بەرهەمی هاوردە بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە بازگەکانەوە”.

هەرچەند، داخستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، یارمەتیدەر دەبێت لە ساخبوونەوەی زیاتری بەرهەمی جووتیارانی خۆماڵی لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ لە پێویستی بازاڕی هەرێم زیاترە و بەبێ ڕەخساندنی دەرفەتی ساخکردنەوەی بەرهەمەکە لەبازاڕەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، ناتوانرێت هەموو بەرهەمی جووتیاران ساخ بکرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...