هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە

زێدپرێس

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەر دەستێوەردانێکی حزبی و کەسی دوور بخرێتەوە و وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە دابنرێت، کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی هەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئه‌مڕۆ پێنجشەم ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هەنگاوەکانی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی.

ڕاگەیەنراوەکە دەڵێ “سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پڕۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، مەسرور بارزانی “ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا، کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دووربخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانایی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی هەبێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سوریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button