هه‌واڵ

مەسعوود حەیدەر: عێراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات

زێدپرێس

 

مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی عێراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە یان هەر خەرجییەکی دی بۆ هەرێم خەرج بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند، ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی ھەردوولاوە بێت، کە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵیە.

ڕوونیکردنەوە، بەپێی یاسای بودجەى ساڵى ٢٠٢٣، دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵی مانگانە ٧٧٥ ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێم خەرج بکات لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا، “ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات، چونکە پێچەوانەی ماددەی ١١٧ و ١٢١ ى دەستوورە.”

ئەو لێدوانەی مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەم، لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، لەناویاندا ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ، نووسراوێکیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزکردەوە، کە تیایدا داوا دەکەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خەرج بکرێت.

هیچ ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئیمزایان لەسەر نووسراوەکە نەکردووە.

هەریەک لە جێگری سەرۆک و بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە جیا ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە داوە و ئاماژە بەوە دەکەن، کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پێدانی ڕاستەوخۆی مووچە لەلایەن بەغداوە، تەنیا موزایەدەی سیاسییە و هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی و کرداری نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...