سەرۆکوەزیرانی عێراق: تا کۆتایی ئەمساڵ پارە بۆ هەرێم تەرخانکراوە
زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ
ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کرد، کە لە لایەن دامەزراوەکانی سێمافۆر و مۆنیتەری ئەمریکییەوە ڕێکخرابوو، ژمارەیەک لە میدیا و گرووپی توێژینەوەش بەشداربوون، تێیدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی ئابووری و سیاسی هەمەجۆر لە چوارچێوەی عێراقدا کرا.
لە خوارەوە پوختەی وەڵام و لێدوانەکانی محەمەد شیاع سوودانی، لەمیانەی ئەو گفتوگۆ کراوەیەدا، خراونەتەڕوو:
– هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتن، کە حکوومەتیان پێکهێناوە.
– ڕەزامەندییەکی سیاسی هەیە لەسەر پڕەنسیپە گشتییەکان، کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران، لە لایەن حکوومەتیشەوە پەسەندکراوە.
– پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم لە بودجەدا پێوەستە بەو کێشە داراییانەی پێشتر ڕووبەڕووی هەرێمەکە بوونەتەوە، بە ئاشکرا دەرکەوتن لە دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە لە تورکیا، هەروەها بەهۆی تایبەتمەندی و ئاستەنگەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣.
– حکوومەتی فیدراڵی بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵەی کردووە. هەرێم بەشێکی عێراقە و ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیمان بەرانبەر بە هاووڵاتیانی هەرێم، هەمان بەرپرسیارێتییە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست.
– دوای سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێمە چارەسەرەکەمان دۆزییەوە و ڕامانگەیاند. چارەسەرەکەی لە بەغدا بوو، نەک لە دەرەوە.
– لەڕێی لێکتێگەیشتن، گفتوگۆ و سازان لەسەر ئەرکەکان و پێناسە یاسایییەکان، چارەسەری گشت کێشەکان دەدۆزینەوە.
– ئێمە تاکوو کۆتایی ئەمساڵ پارەمان تەرخانکردووە(بۆ هەرێم)، هەروەها پاکتاوە دارایییەکان بەر لە کۆتایی هاتنی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن.
– هیچ تەنگژەیەکی سیاسی نییە(لەنێوان هەرێم و بەغدا)، بەڵام کێشەی دارایی و یاسایی هەن، کە لە کۆتا دانیشتنەکانی حکوومەت چارەسەرکراون.
– لە هەر دانیشتنێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی، جەخت لە گرنگی هەبوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە سێکتەرە هەمەجۆرەکان دەکەینەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی تایبەت بە وزە، هەروەها پێوەست بە کێشەی دیکە، وەک دیاریکردنی گاز، هاوردەکردنی گازی ئێران و هیی دیکە.
– دەرفەتێک هەیە کێشەیەک چارەسەر بکەین، کە تەنگژەی بۆ دروست کردووین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، بە تایبەت لەسەر پارەی گازی ئێران.
– ئەم حکوومەتە لەسەر کاری دامەزراوەیی بنیادنراوە، ئابوورییەکی هەمەچەشن و شەڕێکی ڕاستەقینە لە دژی گەندەڵی، هەروەها پشت بە جێبەجێکردنی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەبەستێت، لە چەند مانگی ڕابردوویش، بۆ هەر کامێکیان حکوومەتەکە دەستکەوتێکی عەمەلی هەبووە.
– کاتی هاتووە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە، بە تایبەت بازاڕی وزە.
– عێراق وڵاتێکی گرنگ و جێسەرنجە لە بازاڕی نەوتی جیهان، بەم زووانەش دەچێتە ناو بازاڕی گازەوە لەڕێی وەبەرهێنان لە سەرچاوە سروشتی و گازی بەیاوەرەوە.
– ڕۆژانە ١٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا گاز دەسووتێنین، هەروەها هەزار ملیۆن پێ سێجا لە ئێران هاوردە دەکەین. سووتاندنی ٤-٥ ملیار دۆلارمان لەسەر دەکەوێت، هاوردەکردنیشی نزیکەی ٤ ملیار دۆلارمان لەسەر دەکەوێت.
– وەبەرهێنان لە گازی سروشتی نەکراوە تەنانەت لە حکوومەتەکانی پێش ٢٠٠٣.
حکوومەت پڕۆژەی گرنگی لە سێکتەری گاز تەواو کردووە، توانای هەناردەکردنی گازمان لە داهاتوو دەبێت.
– ئێمە ڕێککەوتنی تەواومان ئەنجام داوە و لە قۆناغی پێنجەمی ڕێککەوتنەکانیشین لەگەڵ کۆمپانیا ئیماڕاتی و چینییەکان، هەروەها هەوڵێکی نیشتمانیمان داوە، هەروەها قۆناغی شەشەمیش ئێستا وەک ئۆفەرێک خراوەتە بەردەم کۆمپانیاکانی جیهان.
– پلانمان وایە عێراق ببێتە سەرچاوەیەکی گاز، بەهۆی ئەو یەدەگە زەبەلاحانەی گازی سروشتی لە عێراق، کە لە مێژووی عێراق وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە.
– وڵاتی ئێمە ڕۆژانە ٠٠٠ ٦٥٢ ٤ بەرمیل بەرهەم دەهێنێت. وێنای ئەو بڕە گازە بکە لەگەڵ ئەم بەرهەمهێنانە، کە سامانی بەهەدەردراو پێک دەهێنێت، حکوومەت بناغەیەکی پتەوی داناوە بۆ وەبەرهێنانکردن تێیدا.
– حکوومەت ئاسۆیەکی ڕوونی دروست کردووە سەبارەت بە پڕۆژەی بەرەوپێشبردنی ستراتیجیانەی ڕێگاوبان، کە ڕێگاوبان و ڕێگەی ئاسنین، هەروەها ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز بۆ تورکیا و ئەورووپا لەخۆ دەگرێت.
– هەناردەکردن لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکیا وەستا دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق.
– بەرەی تورکیا ڕوونیان کردەوە کێشەی تەکنیکی هەن، ئێمەش چاوەڕێی وەڵامیانین سەبارەت بە قەبارەی ئەو کێشە تەکنیکییانەی بۆڕییەکانی نەوت.
– چاوەڕێی ئاگاداری لە بەرەی تورکیا دەکەینەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، چونکە وەستاندنی لە دژی پڕەنسیپی ڕێککەوتنی ١٩٧٣ی نێوان عێراق و تورکیایە.
– عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٤٧٠ هەزار بەرمیل لەدەست دەدات بەهۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت، ئەو بڕە کاریگەری بەسەر داهاتەکانی بودجەوە دەبێت.
– ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک بووینەتەوە لە پەیوەندی نێوان عێراق، ئێران و ئەمریکا، وەک ئەوەی ئێمە تاکە وڵاتی نێوان ئەو دوو وڵاتە بین، خەڵکیش هەن پێیان وایە دۆستایەتی ئەمریکا مانای بە خراپ باسکردنی ئێرانە، یان بە پێچەوانەوە.
– وڵاتانی عەرەبی هەن پەیوەندی ستراتیجیان لەگەڵ هەردوو وڵاتەکە هەیە، کەوایە لەبەرچی عێراق نابێت ئەو هاوسەنگییەی هەبێت لە پەیوەندییەکان.
– ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و سنوورێکی ٢٢٠٠ کیلۆمەتریمان لە نێوانە، هاوبەشین لەو سنوورانە.
– چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، عێراق میوانداری زیاد لە ٣ ملیۆن میوانی ئێرانی کرد بۆ چلەی ئیمام حوسێن، عێراقییەکان بانگهێشتی ماڵەکانیان کردن، هاوبەشییێکی ئاینی کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
– ئێران لە ٢٠٠٣ەوە پاڵپشتی پڕۆسە سیاسییەکە دەکات، هەروەها لە دژی تیرۆریزم هاوکاری کردووە، لە هەمان کاتیشدا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانێکی ستراتیجییە و لە جەنگی دژی داعش بەشداری کرد، لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە پەیوەندییەکانمان بنیاد دەنێین.
بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراق ئەو قیبلەنمایەیە کە بەکاری دەهێنین، ئێمە دژی خواستەکانی ئەوانی دیکە نەوەستاوینەتەوە، هەر ڕێگایەکیش لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتیمانیمان دابێت بە باشترین ڕێگای پەیوەندییە دەرەکییەکانی دادەنێین.
– عێراق ڕۆڵی بینیوە لە گۆڕێنی ڕوانگەی نێوان وڵاتەکان، ئەوەش بە ڕوونی لە سەقامگیری ناوچەکە دەردەکەوێت.
– نامانەوێت عێراق مەیدانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بێت، ئەوە لە بەرژەوەندی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە نابێت.
– هەستیاری ناوچەکەمان پێویستی بە ڕێکارێکی هاوسەنگ و سەربەخۆ هەیە، کە نوێنەرایەتی ڕۆڵە دیبلۆماسییە پێدراوەکەی عێراق بکات.
– قوربانیدانی عێراق بۆ سیستەمێکی سیاسی پشتبەستوو بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤە، هەروەها وەبەرهێنانی نموونەییانەی سەرچاوەکانی، کە تاوەکوو ئێستا سوودیان لێ نەبینراوە.
– عێراق یەکێکە لە وڵاتە گەنجەکان، هەروەها گەنجەکانمان نیشتیمانین، لە شەڕی داعش هاتنە پێشەوە، هەروەها لە خوێندن و داهێنانیش، ئێمە بەرپرسیارێتییەکی مەزنمان لەسەرە بۆ وێنەکردنی چارەنووسیان.