هه‌واڵ

بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی لە بەدەستگەیشتنی دۆلار دەدات

زێدپرێس

 

بانکی ناوەندی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، دۆلار لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوە بۆ عێراق، بەپێی ئەو خشتە دیاریکراوە دێت و دەنێردرێت کە لەلایەن هەردوو بانکەکەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، هەموو ئەو هەواڵ و زانیارییانەی ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕێگری لە ناردنی دۆلار لەلایەن بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوە بۆ عێراق دەکەن.

بانکەکە دووپاتی دەکاتەوە، کە دوێنێ پێنجشەم ٥ی تشرینی یەکەم، بڕێک دۆلاریان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەدەستگەیشتووە.

ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی عێراق، دوای بڵاوکردنەوەی چەند هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیایی دێت، کە ئاماژەیان بەوە کردووە، عێراق داوای ناردنی یەک ملیار دۆلاری کردووە، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە داواکەی ڕەتکراوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە. بەجۆرێک کە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕاوی دراو لە هەولێر، بڕی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە سەرووی ١٦١ هەزار دیناری عێراق ئاڵوگۆڕ دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...