هه‌واڵ

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە (440) پڕۆژەمان تەواوکردووە

زێدپرێس

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایدەگەیەنێت؛ لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای قەیرانەکان زیاتر لە (440) پڕۆژەیان بەئەنجام گەیاندووە و دەشڵیت: ئەگەر قەیرانی دارایی دروست نەبێت لەمساڵدا ڕێگای دەربەندیخان-کەلار تەواو دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەمیانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سیمپۆزیۆمی تەکنەلۆجیای نوێی بواری ڕێگاوبان لەزانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ ئەم سیمپۆزیۆمەی ئەمڕۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە شێواز و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان و تەکنەلۆژیای نوێی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، چونکە کە ڕێگاوبان دروست دەکرێت دەبێت بەردەوام ساڵانە پلانی چاککردنەوەت هەبێت.

سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبونیش ئەوەی خستەڕوو؛ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دواتر لەلایەن لێژنەیەکەوە خاڵبەندی بۆ فۆڕمەکان دەکرێت و ئەو نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دابەش دەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی کە شایستەن بەپێی یاسای نیشتەجێبوون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوە کرد؛ سەرەڕای قەیرانە داراییەکان کارکردن لە پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردەوام بووە و گوتی: “لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (440) پڕۆژەمان بەگوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینار تەواوکردووە، کە بەرهەمی ئەمە 1300کم ڕێگاوبانی نوێمان خستووەتە خزمەتی هاووڵاتییان، جگەلەوەش چوار بەڕێوەبەرایەتی نوێمان دروستکردووە بۆ چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەکان”.

سەبارەت بە ڕێگای نێوان دەربەندیخان- کەلار، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتی: “لەماوەی ساڵی پێشووتر و پێش دەستبەکاربوونی ئێمە ئەو ڕێگایە تەنیا لە 15٪ی جێبەجێ کرابوو، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئێمەدا و سەرەڕای قەیرانە داراییەکان ڕێژەی جێبەجێکردنمان گەیاندووەتە 65٪، ئەگەر گرفتی داراییش دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو ڕێگایە تەواو دەکەین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...