هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: (هەژماری من) ئاسانکاری زۆر بۆ پێدانی مووچە دەکات

زێدپرێس

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی (هەژماری من) ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە، ڕێگری لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و چاوەڕوانیش دەکرێت لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار بکرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، پڕۆسەی تۆمارکردنی لە پڕۆژەی (هەژماری من) لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەسەرکردەوە.

لەمیانەی سەردانەکەیدا، وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی دا، کە  (هەژماری من) ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوازییە بانکیيانەی کە هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەربگرن. گوتیشی پڕۆسەی (هەژماری من) ئێستا لە هەولێر دەست پێ دەکات، بەڵام لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانيیش بەگەڕدەخرێت و ئامانجەکە ئەوەیە سەرجەم فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت بگرێتەوە.

 

ئەمە، دەقی گوتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستانە:

 

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

 

ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەوەمان داوە كە بەرنامەی (هەژماری من) دروست بكەین بۆ ئاسانكاریكردنی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر هەموو كەرتی تایبەتیش بگرێتەوە، كە بێگومان ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوزارییە بانكییانەی كە هەموو هاووڵاتییان دەتوانن سووديان لێ وەربگرن.

 

ئەم پڕۆژەیە لە چەندین قۆناغ پێك دێت، قۆناغی یەكەم لە سەرەتاوە بۆ تاقیكردنەوە بوو كە لە نەخۆشخانەیەكەوە پێش چەند مانگێك دەستمان پێ كرد، تاوەكوو ئێستا بە سەركەوتوویی ئەم پڕۆژەیە بەردەوامە. دوای ئەمە قۆناغی دووەم ئەوە بووه‌ كە بە فەرمی ئێستا ئێمە ڕای دەگەیەنين كە پرۆسەی (هەژماری من) بكەوێتە كار، كە لە ٣ی ئەیلووله‌وه‌ دەستی پێكردووە و تاوەكوو ئێستا ٦٥ هەزار كەس تۆماركراون و خەریكە لێرەوە سەردانی یەكێك لە بنكەكان دەكەین كە چۆن تۆماری فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

 

ئومێدمان وایە تا كەمتر لە دوو ساڵ، هەموو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بگرێتەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە كە لەگەڵ بانكەكانیش ڕێك بكەوین و كەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پرۆسەیەوە.

 

ئێستا لە هەولێر دەست پێ دەكەین، بەڵام لە ماوەیەكی زوو لە دهۆك و سلێمانیش دیسان ئەو پرۆسەیە دەكەوێتە كار، كە هیوادارین هەروەكوو باسم كرد، هەموو فەرمانبەران بتوانن لە كەمتر لە دوو ساڵ، بتوانن سوودمەند بن لەم پرۆژەیە.

 

تاوەكوو ئێستا سێ بانكی هەرێمی كوردستان بەشدارن و هەندێك بانكی تریش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن لەم پرۆژەیەدا بەشداری بكەن. ئەمە سوودێكی زۆریش بۆ بانكەكان دەهێنێت، بێگومان فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان خەڵكی تریش لە كەرتی تایبەت دەتوانن سوودمەند بن هەروەكوو باسم كرد.

 

لە ماوەیەكی نزیكدا ئەوانەی كە تۆمار دەكرێن كارتیان پێ دەدرێت لە لایەن بانكەكانەوە بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە كارتەكانی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەوەی كارتی هەیە، دەبێ شوێنێكیش هەبێ كارتەكە بخوێنێتەوە. لەبەر ئەوە بەرنامەی حكومەتیش ئەوەیە كە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویستە، هەم ڕێگەی (ATM) بۆ ڕاكێشانی پارەیە یانیش ئامرازی خوێندنەوەی كارتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانە لەوانەی خاوەن كارتی بانكین، بتوانن بە شێوەی كارت نەك بە شێوەی كاش، ئیشوكاری خۆیان پێ راپەڕێنن.

 

ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر لە كڕین و مامەڵەی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتیيان دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا یارمەتیدەرێكی زۆریش دەبێت بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە و ئاسانکاری لە پێدانی مووچەش لە كاتی خۆی دەکات، پشت بە خوا، ئەم كێشەیە ئیتر بە شێوەیەكی بنەڕەتی تەواو بێت.

ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی، لەگەڵ بەڕێز سەرۆكوەزیران، لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیى عێراقی لەسەر خەتین، خۆم چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەم كردووە و بۆیانم باس كردووە كە ئەمە وەكوو پڕۆژەی هەرێمی كوردستان ئەگەر سەركەوتوو بێ، هەموو عێراقیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بووە و ئاسانكاریی زۆریان بۆ كردووین و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ ئێمە دەربڕیوە. من لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بكەم كە پشتیوانە و بەڕاستی جێدەستی دیارە و پشتیوانی ئەم پرۆژەیە بووە. هەروەها ئەو بەڕێزانەی كە لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەم پرۆژەیە كارێكی زۆر جددییان كردووە، فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەوانیش ڕۆڵێكی زۆریان بینیوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

 

هیوادارم كە ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەكی كورتدا، هەموو فەرمانبەران بگرێتەوە و لە ماوەیەكی نزیكیشدا، كەرتی تایبەتیش بێتە ناو ئەم پرۆسەیە، ئەمە یارمەتییەكی تریش دەدات بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران، چونكە لەوانەیە هەموو كەسێك پێی خۆش نەبێت كاش لەگەڵ خۆی بهێنێت، بەڵام ئەگەر كارتەكەی پێ بێت، لێرەش كارتەكەی بتوانێت بخوێندرێتەوە و بتوانێ ئیشی پێ بكا و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە بانك هەیەتی، بتوانێ بۆیانى جێبەجێ بكات، بێگومان ئەمەش دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ڕاكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان.

 

من جارێكی تر دەستخۆشی لەم تیمانە دەكەم و هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بەشدار دەبن لەم پرۆسەیە، سوودمەند بن. بێگومان تەنیا بابەتی پێدانی مووچە نییە، من دەمەوێ ئەوەش بە هاووڵاتیانی خۆشەویست ڕابگەیەنم كە سیستەمی بانكی و بە دیجیتاڵكردنی سیستەمی بانكی، دروستكردنی ژێرخانێكی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی كوردستان كە بانكەكان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە خەڵكی تر لە شوێنە پێشكەوتووەكان لە خزمەتگوزارییە بانكییەكان وەری دەگرن، لێرە لە هەرێمی كوردستانیش خەڵكی ئێمە بتوانێ سوودمەند بێ لەو خزمەتگوزارییانەی كە بانكەكان پێشكەشی دەكەن. بێگومان سوودی بۆ بانكەكانیش دەبێ چونكە سەرمایەیەكی زۆر بۆ بانكەكان دەگەڕێتەوە.

 

جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button