مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەجیا لەگەڵ جێگری یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریکا کۆبوونەوە
زێدپرێس
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەم ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەمریکی بە سەرۆكایەتیی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریکا کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی و پێویستیی چارەسەرکردنی بنەڕەتيی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کراوە، “بە تایبەتی کە دوای سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردن هاتووەتە ئاراوە کە پێویستە لە دەست نەدرێت”.
زیاتر دەڵێ “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە، مووچەکانیان لەڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن”.
هەروەها “جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بە زووترین کات کرایەوە”.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، “پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدڕاڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی گشت پێکهاتەکانی عێراق پارێرزراو بێت”.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە، کە “چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی بەدیجتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی و هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون”.
لەلایەکی دیکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە، بەڵام باسی چەند پرسێکی جیاواز لە بابەتەکانی گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کردووە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی داوە کە هەردوولا “هاوڕابووین لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان و پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە”.
قوباد تاڵەبانی دەڵێ “ڕۆڵی ئەمریکام لە پڕۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرز نرخاند و داوام کرد لە بوارەکانی وەک ڕیفۆرمی ئابووری و باشترکردنی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پاراستنی ژینگە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەمریکا زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.”
زیاتر دەڵێ “باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و پرسی ئازادی ڕادەربڕینمان لە کوردستان کرد، جەختمان کردەوە نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکی ئازادانەی ڕێکخراوەکان و میدیاکاران دروست بکرێت”.