گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم: سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ناچاری نییە
زێدپرێس
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرنای عێراق “ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکوومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر سەرجەم پرسە داراییەكان”.
زیاتر دەڵێ “سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپاردووە، تەنانەت یەك پرسیاری بێوەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن”.
هەورامانی ئاماژەی دا، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدڕاڵ، بە دوای چارەسەرێکی ڕیشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان”.
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم بەدوای ئەوەدا دێت، کە پێشتر حکوومەتی هەرێم سەردانیکردنی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ بەغدا ڕاگەیاندووە و لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کردووە، بۆ خستنەڕووی زانیاری لەمەڕ پرسە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەناویشیاندا دۆسیەی مووچە و مووچەخۆران.