هه‌واڵ

سوپای عێراق لە تۆپزاوا پاشەکشەی کرد

زێدپرێس

 

هێزەکانی سوپای عێراق لە سەربازگەی کۆنی تۆپزاوا دەستیان بە کشانەوە کرد، دوای ناڕەزایەتی بەرفرەوانی خەڵکی ناوچەکە و کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دژی بەسەربازگەکردنەوەی تۆپزاوا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هێزەکانی سوپای عێراق دەستیان بە کشانەوە لە تۆپزاوا کرد، دوای ئەوەی هێزێکی زۆریان تێدا کۆکردەوە و هاوکات دیواری کۆنکرێتییان بەدەوری سەربازگە کۆنەکە دروستکردەوە.

عەبدوڵا محەمەد داود، کەسایەتی دیار و چالاکی تۆپزاوا بۆ زێدپرێس ئاماژەیدا، ئەمڕۆ سێشەم هێزەکانی سوپای عێراق لە سەربازگەکە کشانەوە.

ڕوونیکردەوە، ئێستا (کاتژمێر ١:٠٠ی دوانیوەڕۆ)، تەنیا سێ هەمەری هێزەکانی سوپای عێراق لە سەربازگەکە ماونەتەوە، کە چاودێری گواستنەوەی کەلوپەلەکانی هێزەکە و هەروەها هەڵگرتنەوەی پارچە کۆنکرێتییەکان دەکەن، کە وەک دیواری سەربازگەکە دایاننابوو.

سەربازگەی تۆپزاوا، یەکەم وێستگەی کۆکردنەوەی زۆرەملێ و ئەنفالی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەت ئەنفالکراوانی گەرمیان، کە یەکەمجار لەم سەربازگەیەدا دەستبەسەرکران و پاشان گواسترانەوە بۆ نوگرەسەلمان و لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران.

عەبدوڵا محەمەد داود، خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربڕی، کە بە یەکدەنگ و لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشەوە دژایەتی و نیگەرانی خۆیان لە بەسەربازگەکردنەوەی تۆپزاوا دەربڕی و پاڵپشتییان لە داخوازی خەڵکی تۆپزاوا و چالاکانی بواری ئەنفال کرد بە ئاڕاستەی ڕێگەگرتن لە دووبارە بیادنانەوەی سەربازگەی تۆپزاوا.

ساڵانێکە چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال داوا دەکەن کە سەربازگەکەی تۆپزاوا بکرێت بە مۆنۆمێنتی تایبەت بە ئەنفال، لە بەرانبەردا سوپای عێراق بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ دووبارە بەسەربازگەکردنەوەی سەربازگە کۆنەکە.

دوێنێ دووشەم ١٦ی تشرینی یەکەم، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و نیگەرانی خۆیان لە کۆکردنەوەی هێزەکانی سوپای عێراق و بەسەربازگەکردنەوەی تۆپزاوا ڕاگەیاند. داوایشیان لە بەرپرسانی عێراق کرد، هێزەکان بکێشرێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...