وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری بە جووتیاران دەدات

زێدپرێس
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، هەر جووتیارێک پێویستە لە فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی سنورەکەی، ناوی خۆی و پانتایی ئەو زەوییەی دایدەچێنێت تۆمار بکات، بۆ ئەوەی ناوەکەی بچێتە پلانی کشتوکاڵی و لە کاتی پێگەیشتنی گەنم لە سایلۆکان گەنمیان لێ وەربگرن.
هۆشداری دەدات، “ئەگەر ناویان تۆمار نەکەن لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی دەبن، لەبەر ئەوەی ساڵانە لە عێراق باس لەوە دەکەن هێندە دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتە گەنم، بۆ ئەوەی سایلۆش حیساباتی خۆی بکات”.
کەریم سلێمان گوتیشی “ناوتۆمارکردن لە فەرمانگەکانی ئێمە بۆ هەردوو بابەتی داچاندنی گەنم بە بەراو و بە شێوەی دێمی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بۆیە حیساب بۆ ئەوە دەکرێت لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و سایلۆکان ئاخۆ دەتوانن چەند گەنم وەربگرن، بەڵام ئەوەی تۆماری نەکات دەکەوێتە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی و ڕێگەیان پێنادرێت گەنم ڕادەست بکەن”.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێ “پێویستە هەر جووتیارێک بچێتە فەرمانگە کشتوکاڵییەکان و باسی زەوی خۆی بکات و بۆیان دیاری بکات چ جۆرە زەوییەکە و چەند دۆنمە و بە بەڵگەوە بیسەلمێنێت”.