هه‌واڵ

خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی دەستیپێکردەوە

زێدپرێس

 

جارێکی دی، خۆپیشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سلێمانی و چەند شار و شارۆچکەی دیکە دەستیپێکردەوە و مامۆستایان داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و وانەبێژان پێداگیری لەسەر دامەزراندنیان دەکەنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژمارەیەکی بەرفرەوان لە مامۆستایان و وانەبێژان لە شاری سلێمانی، دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە. مامۆستایان کە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکە کۆبوونەتەوە، داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن.

هاوکات، لە چەندین شار و شارۆچکەی دیکە لە سنوری یەکەی کارگێڕی گەرمیان و ڕاپەڕین، لەناویاندا شارۆچکەکانی کفری، پێنجوێن و قەڵادزێ، کۆیە، سەیدساق و لەناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیش، بەهەمان شێوە، مامۆستایان و وانەبێژان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و بەگشتی خۆپیشاندانەکان لە سنوری ١٣ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەدا بەڕێوەدەچن.

خۆپیشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لەو ناوچانەدا، لەکاتێکدا دێت، کە دوێنێ شەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنورەکە کرد، مامۆستایان و خوێندکاران ئاگاداربکەنەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەم پەیوەندی بە قوتابخانەکانیان بکەنەوە، بەمەبەستی دەستکردن بە پڕۆسەی خوێندن.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام هێشتا لە زۆرینەی سنوری پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەروەها لە سنوری پەروەردەی کۆیە، مامۆستایان دەستیان بە دەوام نەکردووەتەوە و پڕۆسەی خوێندن وەستاوە.

دوو هەفتەی ڕابردوو، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاری دەرکرد، بەمەبەستی دەستکردن بە پڕۆسەی خوێندن لە دەڤەرەکەدا. بەپێی فەرمانە وەزارییەکە دەبوو یەکشەمی ڕابردوو، پڕۆسەی خوێندن دەست پێبکات و کۆتایی بە بایکۆت بهێنرێت، بەڵام مامۆستایان و وانەبێژانی دەڤەرەکە، بە خۆپیشاندانی بەرفرەوان وەڵامی فەرمانەکەیان دایەوە و بەردەوامیان بە بایکۆت دا.

هەفتەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی نوێ لە شاری هەولێر، گوتارێکی پێشکەشکرد؛ وێڕای پاڵپشتی لە داخوازی و نیگەرانییەکانی مامۆستایان، ئاماژەی بەوە دا، کە حکوومەتی هەرێم لە گرفتی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەرپرس نییە، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق پابەند نەبووە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.

دوێنێ شەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەم، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراقی بە پێچەوانەوەی ڕێککەوتنەکان، جارێکی دی، ناردنی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەی دواخستووە، کە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەبوو لە هەفتەی ڕابردووەوە خرابووایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...