بزووتنەوەی گۆڕان: لە ئیدارە بەشدارین نەک لە دەسەڵات
زێدپرێس
ماڵپەڕی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، لە زاری دلێر عەبدولخالق، ڕێکخەرى ژورى ڕۆژنامەوانى گۆڕان ڕایگەیاند، لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى فەرمى حوکمڕانى هەیە، کە گۆڕان تێیدا بەشدارە، بەڵام دەسەڵاتى ڕاستەقینە لاى دامەزراوە فەرمییەکان نییە و لاى پارتى و یەکێتییە.
ڕێکخەرەکە، لەبارەى ڕۆڵ و بەرپرسیارێتى بزووتنەوەى گۆڕان لە حکوومەتدا، باس لەوە دەکات: لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى فەرمى حکومڕانى هەیە، “بەڵام سوڵتە لاى ئەو دامودەزگایانە نییە چ لە حکوومەت چ لە پەرلەمان چ لە دەسەڵاتى دادوەرى و چ لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى”.
زیاتر دەڵێ، “ئێمە وەک بزووتنەوەى گۆڕان لە ئیدارەدا بەشداربووین نەک لە دەسەڵات، یەکێتى و پارتى دوو هێزن کە بەرپرسیارێتى گەورەیان لەئەستۆیە و دەسەڵاتى حەقیقى لاى ئەوان بووە، ئەمە بۆ عێراق و وڵاتانى دیکەى ناوچەکەش ڕاستە، پارتە سیاسییەکان لەبرى ئەوەى دامەزراوەى مەدەنى بن، هێزى چەکداریان هەیە و لەو ڕووەوە مۆنۆپۆڵى دامەزراوەکانیان کردووە”.
هەروەک بەرپرسیارێتى ئەم قۆناغ و دۆخە دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى و دەڵێت: “بەداخەوە بەهۆى هەستنەکردن بەبەرپرسیارێتى نیشتمانى و نەتەوەیی، ئەو دوو هێزە دابەشبوون بەسەر بەرژەوەندى وڵاتانى ئیقلیمى”.
پەیوەست بە کۆبوونەوەى هاوبەشى بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە بڕیاڕە سبەینی لە هەولێر بەڕێوە بچێت، ڕێکخەرى ژوورى ڕۆژنامەوانى گوتى: بڕیاروایە کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندى باڵاى بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان وەک دوو لایەنى سیاسى پێکهێنەرى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەرپرسیارى لە دۆخى ژیانى هاووڵاتى کوردستان بەڕێوەبچێت، “ئەجێنداى کۆبوونەوەکە پەیوەندى بەو پرس و مژارە سیاسى و ئابوورى و ئیدارییانە هەیە کە پرسى ڕۆژ و هەستیارن لەنێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى ئیتیحادى و ئەو پێشهات و پاشهاتە سیاسییانەى لە عێراق و هەرێمى و ناوچەکە لەئارادان”. ڕێکخەرەکە وای گوت.