ههواڵ
لە گەرمیان دایک و باوکێک سێ منداڵی خۆیان فرۆشتووە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/11/zed-press-mndal-froshtin.jpg)
زێدپرێس
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، دایک و باوکێک سێ منداڵی خۆیان فرۆشتووە و دوای ئاشکرابوونی حاڵەتەکە، دەستگیرکراون.
موقەدەم شاخەوان محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە گەرمیان، ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی پێشوودا، کەسێک سکاڵای لە دژی دایک و باوکێک تۆمار کردووە، کە پێشتر منداڵێکی لێ کڕیون، بەڵام دواتر بەبێ ئەوەی پارەکەی بۆ بگێڕنەوە، منداڵەکەیان بردووەتەوە.
ئاماژەی دا، “بە فەرمانی دادوەر، دایک و باوکەکە دەستگیرکراون و دوای دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دەرکەوتووە پێشتر دوو منداڵی دیکەی خۆیان فرۆشتووە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە گەرمیان، ئاشکرای کرد، تەمەنی منداڵەکان ٣ مانگ، ١١ مانگ و ساڵێک بووە و هەر یەکێک لە منداڵەکانیان بە ملیۆنێک دینار, هەزار دۆلار و یەکێکی دیکەیشیان بە هەزار و ٥٠٠ دۆلار فرۆشتووە.