هه‌واڵ

نوێترین لێدوانی محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچەوە

زێدپرێس

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لەدەست خودی ئەودا نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەڵامی سوودانی بۆ دوو پرسیاری تایبەت بە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووەتەوە.

مەریوان قەرەنی، باسی لەوە کرد، کە ئەمڕۆ یەکشەم، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی كۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ كردووە. وەک ئاماژەی بۆ دەکات، لە كۆبوونەوەكەدا دوو پرسیاری خستووەتە بەردەم سوودانی، كە هەردووكیان تایبەتن بەو دوو نامەیەی پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كردووە.

لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی (نەفەقاتی فعلی) كە، بەپێی مەریوان قەرەنی “بۆتە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە”، محەمەد شیاع سوودانی، گوتوویەتی “نامەكانمان بەدەست گەیشتووە و كاریشمان لەسەر كردوون. بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و ئێمە هیچ مانعاتێكمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەمواربكرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردنین و هەمواركردنەوەكەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانە و هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەكەین”.

وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیخاتەڕوو، لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، “بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ سێ مانگی دیكەش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێ دراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لەدەست خودی ئەودا نییە”. هەروەها گوتی “ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دیاریكرابوو تا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن زۆر كەمترە لە پێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە” و “تەنانەت گوتی كە “ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەشی دیاریكراوە، هێشتا كەمترە لەو پارەیەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی”.

بەگوتەی مەریوان قەرەنی، محەمەد شیاع سوودانی، جەختی كردەوە کە “لایەنەكانی ڕاسپاردووە و تا ڕۆژی ١ی ١٢ی ٢٠٢٣، بەشی سێیەمی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارە دەنێرن كە پێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...