هه‌واڵ

سوودانی: ئامادەین ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەین

زێدپرێس

 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لارییان نییە لە ناردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر حکوومەتی هەرێم داتا و زانیارییەکانی لیستی مووچەخۆرانییان پێ بدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و گواستنەوەی مووچەکە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران.

لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا، ئاماژە بە پێویستی ڕادەستکردنی داتا و زانیاری لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، وەک پێویستییەک بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

نووسراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی نووسراوێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دێت، کە داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەژماری بانکییان بگوازرێتەوە.

نووسراوەکە لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەلایەن هەریەک لە هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەمال کۆچەر سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی ئیمزا کراوە و تەنیا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزای لەسەر نەکردووە.

لەو نووسراوەدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، جگەلە فراکسیۆنی پارتی، داوایان کردووە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خەرج بکرێت و بخرێتە سەر هەژماری بانکییان.

لە نووسراوەکەدا، بەتایبەت ئاماژە بە کردنەوەی هەژماری بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی بازرگانی عێراق TBI کراوە.

پێشتر بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیرییان لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمەوە خەرج بکرێت، نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...