روونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبارەی نرخی نەوتەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی سامانە سروستیییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق، کە لە ڕێكکەوتی ١٢ تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ وەزارەتەکە جەختی كردووەتەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە مانگەكانی (تەممووز و ئەیلوول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەت داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق.
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “خۆشبەختانە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بەپشتبەستن بە داواكاری و هەوڵەكانی وەزارەتمان داواكاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری حكوومەتی عێراق بەرزكردووەتەوە بەمەبەستی ڕەزامەندی دەربڕین”.
زیاتر دەڵێ “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە لەكاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتییان دابەشی دەکات”.
ئەو ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکاتێکدا دێت، کە دوێنێ دووشەم، ٢٧ی تشرینی دووەم، بریکاری وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق باسی لە دابەشکردنی هەر بەرمیلێکی نەوت بە نرخی ٥٠ هەزار دینار کردووە.