ههواڵ
دادگای سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی کارمەندێکی پۆلیس دەرکرد

ئەمڕۆ دووشەم 27ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای تاوانەكانی 3ی سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژانی ڕزگار ئەحمەد حەسەن، كارمەندی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، شەوی 21ی 1ی 2024 مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دەرچوون بەمەبەستی دەستگیركردنی تاوانبارێك بەناوی (ر،ح، ق) كە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەكی قورس تاوانباری ناوبراو دەستگیركرا و لەلایەن تاوانبارێكی تر بەناوی (ژ، س، ح) تەقە لەمەفرەزەكەی پۆلیس كرا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی (رزگار ئەحمەد حەسەن) و برینداربوونی ئەفسەرێكی بەشی پۆلیسی نەهێشنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە.
دواتر تاوانبار ( ژ، س، ح) هەڵات و دوای ماوەیەكی كەم توانرا دەستگیربكرێت.
ئەمڕۆ دادگای تاوانەكانی 3ی سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ هەردوو تاوانبار (ژ، س، ح) و (ر، ح، ق ) دەركرد.


