هه‌واڵ

ڕاگەیەنراوێك لە ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دووپات لە بەردەوامیدان بە بایکۆت و دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دووپاتیان لە بەردەوامیدان بە بایکۆت دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ڕەت دەکەنەوە، کە وەک وەڵامدانەوەی بەشێک لە داخوازییەکانیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراوە، لەناویاندا بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوە، بەڵام ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی نیگەران کردووە، لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا جێبەجێکردنی هەردوو داواکارییەکە، بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمەوە گرێدراوە.

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە گرێدانی جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، خۆدزینەوەی حکوومەتی هەرێمە لە جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی مامۆستایان. ئەوان پێیان وایە، داهاتی ناوخۆ بەشی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان دەکات، بەڵام حکوومەتی هەرێم نایانەوێت داخوازییەکانیان جێبەجێ بکات و نابەرپرسانە مامەڵە دەکات.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە سبەی دووشەم خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەست پێدەکەنەوە و تاکە ڕێگەیش بۆ دەستکردنەوە بە دەوام و کۆتاییهێنان بە بایکۆت بەدەنگەوەچوونیانە لەلایەن حکوومەتەوە.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاووڵاتییان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەهەڵوێست

 

لە ئێستادا خەباتی مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران هەنگاوی گرنگی بڕیوە، ئەمەش پەیوەندی بە هەوڵ و هەڵوێستی پێکەوەیی هەموومانەوە هەبووە لە بەردەوامی بایکۆت و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان، هەر بۆیە لە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی خوێندن و مانەوەی دەرگای خوێندنگاکان بە داخراوی، ئێمە لە ٢٢ی١٢ی٢٠٢٣ لە ڕێگەی نوێنەرانمانەوە یاداشتی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانمان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار و تائکیدمان لە داخوازییەکانمان کردەوە، کە هەمان ئەو داخوازییانەن لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا ڕاگەیەنراون.

ئێمە خوازیار بووین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەستایە و بەدەم داخوازییەکانمانەوە بهاتایە، وەك ئەوەی کە لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی پێمان ڕاگەیاندبوون، چونکە ئەوەی ئەم دۆخە خراپەی دروستکردووە و ئەم قەیرانانە ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەکاتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە کەمتەرخەم بووە و وەك خۆلادان لە بەرپرسیارێتی هۆکارەکانی ئەم کەمتەرخەمی و قەیرانانەی بۆ حکوومەتی عێراق گەڕاندۆتەوە، لە کاتێکدا ئێمە شاهیدی شکستی ئەم کابینەیە و کابینەکانیتری حکوومەتی هەرێمی کوردستانین و پێشمانوایە خۆلادان لە بەرپرسیارێتی قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە، هەربۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە

١-مەرجدارکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە، خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنیان و ناتوانین باوەڕ بەوە بکەین کە ئەم حکوومەتە نیەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەیە، چونکە داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر زیاترە لەو بڕەی کە بۆ داخوازییەکانمان پێویستە و دەبوو حکوومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێکردنی داخوازییەکانی بدایە.

٢-لە ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار بەڵێن و بڕیاردراوە بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکان، بەڵام بەداخەوە تەنیا مەبەست لەو بەڵێن و بڕیارانە شکاندنی بایکۆت بووە و لە دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن هەموو بەڵێن و بڕیارەکان وەك داخوازییەکانمان پەراوێزخراون و حکوومەت بەرپرسیارانە مامەڵەی نەکردووە، هەربۆیە ناچاربووین بایکۆت ڕابگەیەنین و خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەینەوە، بۆیە دەمانەوێت قەیرانەکان لێرەدا کۆتاییان بێت و چارەسەری ڕێشەییان بۆ بکرێت تا ناچار نەبین جارێکیتر  بایکۆت و خۆپیشاندان ئەنجام بدەینەوە.

 

لە کۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە سبەی دووشەم خۆپیشاندانی فرەوان لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان ئەنجام دەدەین و درێژە بە بایکۆت و خەباتی مەدەنی دەدەین تا ئەو کاتەی ئەم حکوومەتە بەخۆیدا دەچێتەوە و بەرپرسانە مامەڵە دەکات و تاکە ڕێگەش بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی تەندروست بەدەمەوە هاتنی داخوازییەکانمانە و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووبەڕووی هەموو فشارەکان دەبینەوە و هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینەبەر کە ئەم خەباتە مەدەنییە دوور لە توندوتیژییە کاریگەرتر دەکات.

 

سەربەرزی و بەردەوامی بۆ خەباتی مەدەنی

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

 

٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...