هه‌واڵ

حزبی شیوعی: سەركوتكردن و پاوانخوازی و برسیكردنی خەڵك جگە لە شكست بەرهەمی دیکەی نابێت

زێدپرێس

 

مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان بەتوندی نیگەرانی بەرانبەر بە دەستگیرکردنی کاسبکاران ڕادەگەیەنێت و دەڵێ، سیاسەتی سەركوتكردن و پاوانخوازی و برسیكردنی خەڵك جگە لە شكست بەرهەمێكی دیکەی نابێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی کاسبکارانی لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاماژە بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان و دەستگیرکردنی ئیدریس مەسعوودی نانەوا کراوە، کە دوێنێ دووشەم دەستگیرکرا و ئەمڕۆ سێشەم ئازاد کرا.

لەوبارەیەوە حزبی شیوعی دەڵێ “ئێمە لەگەڵ هەرزانكردنی نانداین بۆ خەڵك بەڵام پێویستە كاسبكارانیش لەم بارەیەوە زەرەرمەند نەبن و هاوكاری تەواو بكرێن”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە “سیاسەتی سەركوتكردن و پاوانخوازی و برسیكردنی خەڵك جگە لە شكست و دواكەوتوویی هەمەلایەنەی كۆمەڵگا و ماڵوێرانی زیاتری نێوماڵی كورد بەرهەمێكی تری بەدوادا نایەت”.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

دەستگیركردنی كاسبكاران لەسەر دەربڕینی مەدەنیانەی نارەزایەتییەكان سەركۆنەو ریسوا دەكەین

 

ڕێككەوتی ٨/١/٢٠٢٤ لە نێو شاری هەولێر لە دژی سەپاندنی بڕیاری زیادكردنی ژمارەی سەموون و نان بەرانبەر بە هەزار دینار، ژمارەیەك كاسبكاری خاوەن سەمونخانەو نانەواخانەكان بە شێوەیەكی مەدەنیانە گردبوونەوە، ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە بەبێ‌ ئەوەی لەلایەنی بەرپرسەوە هاوكاری و پاڵپشتی پێویست لە هەرزانكردنی سووتەمەنی و نرخی ئاردو زۆری و قورسی باج و رسومات بكرێت ، بەهۆی دەربرینی ئەم ناڕەزایەتییە مەدەنییانە كە مافێكی سروشتی و سەرەتایی هەر تاك و چین و توێژێكە، یەكێك لە كاسبكاران بەناوی (ئیدریس مسعود) دەستگیر دەكرێت.

ئێمە لەگەڵ هەرزانكردنی نانداین بۆ خەڵك، بەڵام پێویستە كاسبكارانیش لەم بارەیەوە زەرەرمەند نەبن و هاوكاری تەواو بكرێن.

ئەم رەفتارە قێزەون و نەخوازراوانە لە هەمبەر داخوازی و ناڕەزایەتی كاسبكاران و سەرجەم چین و توێژەكان ڕیسوا و سەركۆنە دەكەین و بە هەنگاوێكی تری ستەمكارانەی ئەم دەسەڵاتە هەژمار دەكرێت، لە ئاڕاستە و هەوڵەكانی خۆسەپاندن و سەركوتكارییدا.

بۆیە داواكاریین لەلایەنی بەرپرس هەرچی زووە ئەم كاسبكارە ئازاد بكرێت و چیتر ئازادییە گشتی و سەرەتاییەكان پێشێل و بەرتەسك نەكرێتەوە کە بەخوێن و قوربانیدانی خەڵكی هەژار و زەحمەتكێشانی ئەم وڵاتە بەدەستهاتوون.

سیاسەتی سەركوتكردن و پاوانخوازی و برسیكردنی خەڵك جگە لە شكست و دواكەوتوویی هەمەلایەنەی كۆمەڵگا و ماڵوێرانی زیاتری نێوماڵی كورد بەرهەمێكی تری بەدوادا نایەت.

 

حزبی شیوعی كوردستان

مەڵبەندی هەولێر

١/٩/٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...