هه‌واڵ

مەسرور بارزانی بەرپەرچی هەنگاوەکانی حکوومەتی خۆجێی هەولێر دەداتەوە

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەتوندی بەرپەرچی هەنگاوەکانی حکوومەتی خۆجێی هەولێر دەداتەوە، پێوەست بە هەڵگرتنی زیادەڕۆیی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە تەوەری تایبەت بە زیادەڕۆیی، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، لە هیچ کەس و لایەنێکی قبوڵ ناکەم دەست بۆ خەڵکی کاسبکار و هەژار ببات، بەشکاندنی عەرەبانە و پەلاماردان و سووکایەتی پێکردنیان لەژێر ناوی ڕێگری لە زیادەڕۆیی.

بەگوتەی هەورامانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم زیاتر گوتوویەتی، لایەنە ئیدارییەکان ئەگەر ویستیان زیادەڕۆیی ڕابگرن، دەبێت پلانی دیکەیان هەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە نانیان لەسەر ئەو ئیشەیە و هاوکارییان بکەن بە دابینکردنی شوێنێکی باشتر و گونجاوتر لەوەی خۆیان.

ئەو هەڵوێستەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا دێت، کە ماوەیەکە پارێزگا و حکوومەتی خۆجێی هەولێر، بە پاساوی هەڵگرتن و لابردنی زیادەڕۆیی، لەڕێگەی شارەوانییەکانەوە هەڵمەتێکیان بۆ لابردنی عەرەبانە و دەستگێڕ و یەکە گەڕۆکەکان لە ناوەندی هەولێر دەستپێکردووە و ئەوەش نیگەرانی خاوەن یەکە گەڕۆکەکانی لێ کەوتووەتەوە.

هەنگاوەکانی حکوومەتی خۆجێی هەولێر، بە پاساوی پاراستنی موڵکی گشتی و ڕێکخستنی شەقام و شۆستەکانی شارەکە بەڕێوەدەبردرێن و لە هەڵمەتێکیشدا لە لابردن و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک عەرەبانە و یەکە گەڕۆکەکانی ناوەندی شارەکە و نزیک لە قەڵای هەولێری لەخۆدەگرت، پاساوەکە بریتی بوو لە زەمینەسازی بۆ کرێکارانی خۆماڵی.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...